زەیدی داوا دەکات بودجە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری تەرخان بکرێت

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان وەزارەتی دارایی راسپاردووە بودجەی پێویست بۆ کڕینی سیستەمە پێشکەوتووەکانی بەرگریی ئاسمانی دابین بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە سەربازییە نوێیەکان و پاراستنی ژینگە و جومگە گرنگەکانی ئابووریی وڵات. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، رایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان وەزارەتی دارایی راسپاردووە پارەی پێویست بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو دابین بکات تا توانای رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و تەکنەلۆجیا سەربازییە سەردەمییەکانیان هەبێت.

عەبوودی ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکوەزیران داوای دابینکردنی ئەو جۆرە بەرگرییەی کردووە کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاستی پێشکەوتووی هەڕەشەکانی جیهانی هەبێت، بە جۆرێک پاراستنی ژینگەی ئابووریی عێراق و دابینکردنی ئاسایشی جومگە هەستیارەکانی پەیوەست بە ئابووریی وڵاتەوە مسۆگەر بکات.

گوتەبێژی حکوومەت گوتیشی، حکوومەتی عێراق لە کاتێکی زوودا پێویستیی وڵات، هێزەکانی ئاسایش و هێزە چەکدارەکانی بۆ پاڵپشتیی زیاتر لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا دەستنیشان کردووە، بەتایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو تەکنەلۆجیایانەی لە شەڕەکانی ناوچەکە و جیهاندا بەکارهێنراون، لەبەر ئەوەی چیتر گونجاو نییە بە هەمان تەکنەلۆجیای پێش 20 ساڵ رووبەڕووی شەڕەکان و ئامرازەکانیان ببینەوە.

 هەروەها ئەوەشی خستەروو، کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران، هەمیشە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کڕینی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی بەپێی خشتەیەکی کاتی و رێکاری دیاریکراو لەخۆدەگرن.

ئەم بڕیارەی عێراق لە کاتێکدایە لە 30ی ئەیلوولی 2026ـدا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەرکە سەربازییەکەی لە عێراق کۆتایی پێ هێنا و هێزەکانی لەگەڵ سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی (لەوانە سیستەمەکانی پاتریۆت) کشاندەوە، بەمەش بەغدا بەرپرسیارێتیی تەواوی پاراستنی ئاسمانی وڵاتی کەوتە ئەستۆ. 

پێشتریش لە ئابی 2026ـدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کردبوو ماوەی پلانی نوێکردنەوەی بەرگریی ئاسمانیی عێراق لە شەش ساڵەوە بۆ سێ ساڵ کەم بکرێتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، لە 28ی شوباتی 2026ـەوە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی سەدان هێرشی درۆن و مووشەک بوونەوە، لەوانەش هێرشە درۆنییەکەی 8ی تشرینی دووەمی 2026 بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.

لە رەشنووسی بودجەی گشتیی 2027ـی عێراقدا، حکوومەتی عێراق بڕی حەوت ترلیۆن دیناری بۆ کڕینی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، راداری پێشکەوتوو و درۆن تەرخان کردووە. هەر لەم چوارچێوەیەشدا، لە 12ی تشرینی دووەمی 2026، موهەننەد غالب ئەسەدی، فەرماندەی بەرگریی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، بودجە بۆ چەند گرێبەستێک دابین کراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا یەکەم کاروانی ئامێرەکانی بەرگریی ئاسمانی دەگەنە عێراق.