ئەمازۆن و گووگڵ دەبنە گەورەترین پشکدارانی ئەنترۆپیک

کۆمپانیای ئەنترۆپیک (Anthropic) وردەکاریی رێککەوتنە زەبەلاحەکانی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمازۆن و گووگڵ ئاشکرا دەکات و بەپێی داتاکان، ئەمازۆن دەبێتە خاوەنی 14.7%ـی پشکەکانی کۆمپانیاکە.

رۆژی سێشەممە، کۆمپانیای ئەنترۆپیک (Anthropic) وردەکاریی زیاتری سەبارەت بە گەورەترین رێککەوتنەکانی وەبەرهێنان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای بواری کڵاود، ئەمازۆن و گووگڵ بڵاوکردەوە، کە هاوکاتن لەگەڵ خستنەرووی سەرەتایی پشکەکانی کۆمپانیاکە لە بۆرسەدا (IPO).

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، کۆی گشتیی پشکی کۆمپانیای ئەمازۆن لە ئەنترۆپیک دەگاتە 14.7%، لە کاتێکدا ئەمازۆن دەیتوانی رێژەیەکی زۆر زیاتریش بەدەستبهێنێت. کاتێک ئەمازۆن لە ساڵانی 2023 و 2024ـدا بە بەهای ملیاران دۆلار وەبەرهێنانی لەو کۆمپانیایەدا کرد، چەندین سەنەدی دارایی بەدەستهێنا کە توانای گۆڕینیان بۆ پشک هەیە بە نرخی 2.09 دۆلار یان 5.05 دۆلار بۆ هەر پشکێک.

ئەمازۆن بڕیاریداوە بەشێک لەو سەنەدانە بکاتە پشکی بێ مافی دەنگدان کە رێژەی نزیکەی 15%ـی پێدەبەخشێت، بەڵام هاوکات بە بەهای ملیاران دۆلار لەو سەنەدانەی لای خۆی هێشتووەتەوە؛ بەجۆرێک ئەگەر هەموویان بگۆڕێت بۆ پشک، ئەوا رێژەی خاوەندارێتییەکەی لە ئەنترۆپیک دەگاتە 23.8%.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای گووگڵ دەبێتە خاوەنی 13.7%ـی پشکە بێمافەکانی دەنگدان، ئەمەش لە رێگەی گۆڕینی سەنەدەکان و کڕینی راستەوخۆی پشکەکانەوە. لەم چوارچێوەیەشدا، گرووپێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا کە پێکهاتوون لە (AMD، Broadcom، Google، Micron، Microsoft، Nvidia و TSMC Partners)، رەزامەندییان دەربڕیوە بە بەهای 26 ملیار دۆلار پشکی بێمافی دەنگدان بکڕن، کە تێیدا گووگڵ و ئێنڤیدیا (Nvidia) هەریەکەیان بە بەهای 10 ملیار دۆلار پشک دەکڕن.

بەم پێیەش، ئەمازۆن وەک یەکێک لە گەورەترین براوەکانی ئەم پرۆسەیە دەردەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی کە خزمەتگوزاریی وێبی ئەمازۆن (AWS) سوودێکی زۆری دیکە دەکات لە رێگەی پابەندبوونی ئەنترۆپیک بە خەرجکردنی زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لە خزمەتگوزارییە کڵاودەکانی ئەو کۆمپانیایەدا لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا.