وردەکاریی بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە "جورف سەخر"
نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پلانی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزەی لە ناوچەی جورف سەخر پەسەند کرد، بڕیاریشە رێگا سەرەکییەکان بە رووی هاتوچۆدا بکرێنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، فەریق روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پلانی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی لە "جورف سەخر" پەسەند کرد.
بە پێی پلانەکە کە ناوەڕۆکەکەی لە لایەن ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاوکراوەتەوە، هێز و سنوورەکان بەم شێوەیە دابەش کراون:
- وەزارەتی بەرگری: لیوای 38 لە فیرقەی 10 ناوچەی نێوان بەربەستی "یا حوسێن" تا یەکتربڕی فازڵییە و سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار دەپارێزێت.
- وەزارەتی ناوخۆ: لیوای 17 ناوەندی ناحیەی "جورف سەخر" دەگرێتە دەست، لە رووباری فوراتەوە لە رۆژهەڵات تا رێگای "موسەییەب - فازڵییە" لە رۆژئاوا.
- حەشدی شەعبی: هەردوو لیوای 72 و 79 سنووری نێوان رێگای "موسەییەب - فازڵییە" لە رۆژهەڵات تا سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا دەپارێزن.
- پۆلیسی وزە: بەتالیۆنێکی پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوت لە ناوچەکەدا دەگرێتە ئەستۆ.
- خاڵەکانی پشکنین: پۆلیسی بابل خاڵێکی پشکنین لە یەکتربڕی فازڵییە بەرەو شارۆچکەی موسەییەب دەکاتەوە، پۆلیسی ئەنباریش خاڵێکی دیکە بەرەو شارۆچکەی عامرییەی فەلووجە دادەنێت.
- کردنەوەی رێگاکان: رێگای "موسەییەب - بەهبەهانی - یەکتربڕی فازڵییە - عامرییەی فەلووجە" بە رووی هاتوچۆدا دەکرێتەوە.
- هێزی یەدەگ: بەتالیۆنی دژەتیرۆر لە سەربازگەی حامییە وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتی لە ئامادەباشیدا دەبێت بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو.
لە لایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە نووسراوێکدا بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیران پێشنیازی کرد، سنووری "جورف سەخر" بدرێتە دەست هێزەکانی حەشد.
فەیاز لە نووسراوەکەدا ئاماژەی بە نووسراوی ژمارە 1954ـی رۆژی 16ی تشرینی دووەمی 2026 کردووە و گوتی، "پێشنیاز دەکەین سنووری جورف سەخر لە لایەن لیوای 72، لیوای 79 و بەتالیۆنی هێزە تایبەتەکانی حەشدی شەعبییەوە بپارێزرێت و پۆلیسی وزەش ئەرکی پاراستنی بۆڕیی نەوتەکە بگرێتە ئەستۆ".
گرژییەکانی ئەمدواییەی "جورف سەخر" دوای ئەوە هات لە 14ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نۆ بەرپرسی ئاسایش و نەوتی لە کارەکانیان لادا، لەوانە بەڕێوەبەری پۆلیسی بابل، فەرماندەی حەشدی پارێزگاکە، فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆڕییە نەوتییەکان، دوای ئەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەستکاریکردنی سێ لقی بۆڕیی ستراتیجیی بەسرە - حەدیسە و هەبوونی پاڵاوگەی نایاسایی لە ناوچەکەدا ئاشکرا کرد.
ناوچەی جورف سەخر بە دووریی نزیکەی 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای بەغدا، لە تشرینی یەکەمی 2014ـدا لە دەستی داعش رزگار کرا. لەو کاتەوە بۆ نزیکەی 12 ساڵە دانیشتووانەکەی ئاوارەن و ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکاندا بووە.