کتێبی 'مێژووی شانۆ لە چەمچەماڵ' بڵاوکرایەوە

کتێبی "مێژووی شانۆ لە چەمچەماڵ"، لە نووسینی ناسیح عەزیز، بە مەبەستی تۆمارکردن و پاراستنی مێژووی شانۆ لە چەمچەماڵ و ناساندنی رەگ و ریشەی چالاکییە شانۆییەکانی ئەو ناوچەیە، بڵاوکراوەتەوە.

چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، ناسیح عەزیز، نووسەری کتێبەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "هەر شار و ناوچە و گەلێک شانازی بە مێژوو و هونەر و کولتووری خۆیەوە دەکات، چەمچەماڵیش لە تەنیشت شانازی بە مێژووی کۆنی خۆی، بە تایبەتی گوندی چەرمۆ وەک یەکێک لە لانکە کۆنەکانی شارستانی، مێژوویەکی دێرینی شانۆی هەیە کە بەپێی بەڵگەنامەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1946."

ناسیح عەزیز سەبارەت بە قۆناخە جیاوازەکانی کتێبەکە گوتی، "لە کتێبەکەدا مێژووی شانۆی چەمچەماڵم لە چوار قۆناخدا خستۆتەڕوو، لە قۆناخی یەکەمدا، بە پشتبەستن بە شایەتحاڵەکان، ساڵی 1946 وەک دەستپێکی مێژووی شانۆ لە چەمچەماڵ دیاری کراوە. لەو ساڵەدا شانۆگەریی "دکتۆر خولی" و هەروەها شانۆگەریی "مەم و زین" نمایش کراون. ئەوەش بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە نمایشە شانۆییەکان لەو سەردەمەدا تەنیا چالاکییەکی کاتی نەبوون، بەڵکو چەندین رۆژ بەردەوام بوونە و سەرنجی خەڵکیان بۆ لای خۆیان راکێشاوە."

ئەو نووسەری باسی لەوەش کرد، "چالاکیی شانۆیی لە چەمچەماڵ لە ساڵی 194ەوە تا ساڵی 1970 بەردەوام بووە و زۆربەی نمایشەکانیش لە بۆنەی نەورۆزدا پێشکەش کراون. لە نێو ئەو بەرهەمانەدا شانۆگەرییەکانی "کاوەی ئاسنگەر و زوحاک" شوێنێکی گرنگیان هەبووە و بەشێکن لەو مێژووە شانۆییەی کە لەو ناوچەیەدا پەرەی سەندووە."

ناسیح عەزیز باس لە دامەزراندنی کۆمەڵەیەکی نوێ لە چەمچەماڵ دەکات و دەڵێت، "لە ساڵی 1970دا بە دامەزراندنی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی لە چەمچەماڵ، قۆناخێکی نوێ لە جموجۆڵی شانۆیی ئەو شارە دەستی پێکردووە. یەکەم شانۆگەریی ئەو کۆمەڵەیەش بە ناوی "دایکی شەهید" نمایش کراوە و لە دوای ئەو ساڵەوە ئەندامانی کۆمەڵەکە رۆڵێکی گرنگیان لە بەردەوامی و گەشەکردنی شانۆ لە چەمچەماڵدا گێڕاوە."

ناسیح عەزیز گوتیشی، "جموجۆڵی شانۆیی لە چەمچەماڵ تا ئەمڕۆ بەردەوام بووە، بە تایبەتی لە ساڵی 2000 بەدواوە، کە تیپە شانۆییەکانی ئەو شارە بەشدارییان لە چەندین فێستیڤاڵی شانۆیی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان کردووە و توانیویانە چەندین خەڵات بەدەستبهێنن. ئەم بەشداری و دەستکەوتانەش وێنەیەک لە ئاستی بەرهەمهێنان و بەهرەی شانۆیی لە چەمچەماڵ و بەشداریی هونەرمەندانی ئەو ناوچەیە لە جموجۆڵی شانۆی کوردیدا پیشان دەدەن."

ئەو نووسەرە باس گرنگیی رۆڵی ژنان لە شانۆی چەمچەماڵ دەکات و دەڵێت، "لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا، من بە تایبەتی ئاماژەم بە رۆڵی ژنان لە مێژووی شانۆی چەمچەماڵ کردووە و ئافرەتان بە ئەستێرە گەشەکانی شانۆی ئەو شارە دەزانم؛ چونکە ژنان لە سەردەمە جیاوازەکاندا، بە هەر ئاستێک بووبێت، بەشدارییان لە چالاکییە شانۆییەکاندا کردووە و تا ئێستاش ئەو رۆڵەیان بەردەوامە."

بڵاوکردنەوەی کتێبی "مێژووی شانۆ لە چەمچەماڵ"، هەوڵێکە بۆ تۆمارکردنی بەشێک لە مێژووی هونەری و کولتووری ئەو شارە، بە تێپەڕبوونی کات لەوانەیە بەشێک لە زانیاری و یادەوەرییەکانی لەناو بچن. ئەم جۆرە کارانە دەتوانن ببنە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ توێژەران و نووسەران و نەوەکانی داهاتوو، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە مێژووی شانۆ و رۆڵی نەوەکانی پێشوو لە پەرەپێدانی هونەری شانۆی کوردی بناسن.