یەکەمین قوتابخانەی کێڵگەیی بۆ جووتیارانی راپەڕین کرایەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین رایگەیاند، بە هەماهەنگیی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی (FAO) و وەزارەتی کشتوکاڵ، پڕۆژەیەک بۆ گواستنەوەی ئاژەڵداران لە شێوازی تەقلیدییەوە بۆ بەخێوکردنی زانستی و دابینکردنی تۆوی ئالیک بە خۆڕایی لە سنووری ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێت و تا ئێستا نزیکەی هەزار جووتیار تێیدا تۆمار کراون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، خالید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: رێکخراوی (FAO) لە رێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە پڕۆژەیەکی هاوکاریی لەسەر ئاستی عێراق دەست پێ کردووە، تێیدا پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین هەڵبژێردراون و ئەو شوێنانە دیاری کراون کە زۆرترین رێژەی مەڕوماڵاتیان تێدایە.

بە گوتەی خالید ئەحمەد، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین چوار بۆ پێنج ناوچەی سەرەکی بۆ پڕۆژەکە هەڵبژێردراون، ئەوانیش بریتین لە: (سەنگەسەر لە سنووری قەڵادزێ، دۆڵی سەرکەپکان، کانی ماران و قەڕەنی ئاغا، سەرچاوە و گوندی بۆسکێن لە سنووری رانیە).

ئاماژەی بەوەش دا کە پڕۆژەکە ماوەی یەک ساڵە و زیاتر لە شەش مانگە کار و دیراسەتی لەسەر دەکرێت و ئێستا نزیکەی پێنج بۆ شەش مانگی ماوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی راپەڕین روونی کردەوە ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە پشتگیریکردنی ئاژەڵدارانە (بەتایبەت خاوەن مانگا، گامێش و مەڕ) تاکو لەو شێوازە تەقلیدییە کۆنە بێنە دەرەوە کە ناتوانێت بژێوییان پێ دابین بکات و بەرەو شێوازی زانستیی بەخێوکردن هەنگاو بنێن.

گوتیشی: لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا تۆوی ئالیکی وەک رایگراس، وێنجە و بەرسیم لە بازاڕدا نرخەکانیان زۆر گرانە، بەبێ بەرامبەر دەدرێنە جووتیاران، چونکە پێشتر تاقیکراونەتەوە و راستەوخۆ دەبنە هۆی زیادبوونی بڕی شیر و بەرهەمە سپیاییەکان.

ئەوەشی خستە روو مەرجی خوێندەواری بۆ سوودمەندبوون لە پڕۆژەکە دانەنراوە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کەسەکە بە کردەیی خاوەنی ئاژەڵ بێت، بەتایبەت بۆ ئەوەی ژنانی گوندنشین بتوانن لەسەر پیشەکەیان بەردەوام بن و داهاتیان زیاد بکەن.

هەروەها ئاشکرای کرد، بنکە و ناوەندی تایبەتیان بۆ دادەمەزرێنن (لەوانەش لە ناوچەی کانی ماران و قەڕەنی ئاغا) و لە رووی لۆجستییەوە قاپ و پێداویستیی پارێزراو و تەندروستییان بۆ دابین دەکەن تا بەرهەمی شیر و سپیاییەکانیان بە شێوەیەکی زانستی لەو ناوەندانەدا ساخ بکەنەوە.

دەربارەی داتاکانی سنوورەکە، خالید ئەحمەد بە کوردستان24ـی راگەیاند: تا ئێستا نزیکەی هەزار جووتیاری خاوەن ئاژەڵ لە گوندەکاندا بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون.

بە شێوەیەکی گشتی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 12 هەزار جووتیار بەپێی گرێبەست و تاپۆ و 250 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی بەرئاو و پشتئاو هەن.

 بەپێی ئامارە بەردەستەکان، لە سنووری راپەڕیندا نزیکەی 300 هەزار سەر ئاژەڵ مەڕ، بزن، مانگا و گامێش) هەیە.