وردەکاریی پلە وەزیفییەکانی بودجەی 2027 ئاشکرا دەکرێت

ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد، لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ـدا، 120 هەزار پلەی وەزیفی تەرخان کراوە؛ لەو ژمارەیە 50 هەزار پلە بۆ هێزە ئەمنییەکان ئەمنی و 70 هەزار پلەش بۆ چین و توێژەکانی دیکە دانراون.

چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، فاروق یاسری، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ رایگەیاند: لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ـدا 120 هەزار پلەی وەزیفی بۆ دامەزراندن تەرخان کراوە.

هاوکات روونی کردەوە، لە ژمارەیە پلە وەزیفییە 50 هەزار بۆهێزە ئەمنییەکان و 70 هەزار پلەش بۆ چین و توێژەکانی دیکە تەرخان کراون؛ هاوکات جەختی کردەوە ئەم ژمارانە بەس نین بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە روو لە زیادبوونەی دەرچووان و ئەوانەی بەدوای دەرفەتی کاردا دەگەڕێن.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامبوونی پشتبەستن بە دامەزراندنی حکوومی، چارەیەکی بەردەوام بۆ کێشەی بێکاری پێک ناهێنێت، ئەمەش لە سایەی سنوورداریی توانای دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بۆ لەخۆگرتنی ژمارەی زۆری دەرچووان بە شێوەیەکی ساڵانە.

فاروق یاسری، داوای کردووە پلانی جیددی دابنرێت بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و فراوانکردنی چالاکییە ئابوورییەکەی بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتردا؛ هەروەها جەختی لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەی ئابووریی راستەقینە کردووەتەوە بۆ قەیرانی بەگەڕخستنی گەنجان و، تەنیا پشت نەبەسترێت بە تەرخانکردنی پلەی وەزیفیی حکوومی کە لە خوار ئاستی پێداویستییە راستەقینەکانەوە دەمێننەوە.

6ـی تشرینی یەکەمی 2026، کوردستان24 وەک یەکەم میدیا رەشنووسی بودجەی 2027ـی عێراقی بڵاوکردەوە، کە بەپێی رەشنووسەکە حکوومەتی عێراق خەرجییە گشتییەکانی بە 217 ترلیۆن دینار و داهاتەکانی بە 174 ترلیۆن دینار خەمڵاندووە و پشکی هەرێمی کوردستانیش کەمکراوەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدیە قەبارەی گشتیی بودجە و داهاتەکان گۆڕانکارییان بەخۆیانەوە بینیوە، نیگەرانی و سەرنجەکان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان چڕ بوونەتەوە؛ بە جۆرێک کە جگە لە تەرخانکردنی بودجەی تەشغیلی، هیچ بڕەپارە یان پڕۆژەیەک بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی هەرێم لە رەشنووسەکەدا دیاری نەکراوە.