سەدان پێگەی شوێنەواری لە پارێزگای دهۆک دۆزراونەتەوە

شوێنەوارناسانی زانکۆی پالێرمۆی ئیتالیا لە شوێنەواری (گرێ گوومبەس) خەریکی کنە و پشکنینن
شوێنەوارناسانی زانکۆی پالێرمۆی ئیتالیا لە شوێنەواری (گرێ گوومبەس) خەریکی کنە و پشکنینن

شوێنەوارناسانی بیانی بە هاوکاری شوێنەوارناسانی کورد لە پارێزگای دهۆک سەدان پێگەی شوێنەواریان دۆزیوەتەوە و کنە و پشکنینان بۆ کردووە.

جەمال جەمیل، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026 بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند: شوێنەوارناسانی بیانی نزیک بە سێ ساڵە لە ناوچەی نێوان قووناوی بەنداوی موسڵ و شارۆچکەی سیمێل، کنە و پشکنین دەکەن و لەو ماوەیەدا 300 شوێن و پێگەی شوێنەواریان دۆزیوەتەوە.

جەمال جەمیل کە بڕوانامەی دکتۆرای لەبواری پاراستی شوێنەوار هەیە، گوتی: لە ئەنجامی کنەوپشکنینەکاندا، پێنج چینی جیاوازی نیشتەجێبوون دۆزراونەتەوە کە سەردەمێکی گوزەری گرنگ لە مێژووی مروڤایەتیدا پێکدێنن.

تیمی شوێنەوارناسانی زانکۆی پالێرمۆی ئیتالیا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک، لەو ناوچەیەدا خەریکی کنە و پشکنینە.

شوێنەواری گرێ گوومبەس، یەک لە گرنگترین شوێنەکانە کە ئەنجامی نوێی لێ بەدەست هاتووە. دوایین دۆزینەوەکان لە گرێ گوومبەس دەریانخستووە کە ژیان لەم شوێنەدا بەردەوام بووە لە قۆناخی گواستنەوە لە نێوان چاخی مسین چالکۆلیتیکی نوێ و چاخی برۆنزی کۆن، واتە لە کۆتایی هەزارەی چوارەمی پێش زایین و سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زایین.

هەروەها ئەنجامە نوێیەکان پێنج چینی نیشتەجێبوونیان دەرخستووە کە پێکهاتوون لە پاشماوەی بینای خشت، شوێنی کۆگاکردن، تەنوور، لەگەڵ هەندێک پاشماوە کە بوونی چالاکیی کارگێڕی دەردەخەن وەک مۆری تایبەت.

شوێنەوارناسانی بیانی بە پاشماوە و بەڵگەی گرنگ گەیشتوون سەبارەت بەوەی چۆن کۆمەڵگە کۆنەکانی ئەو ناوچەیە سیستەمی کشتوکاڵی، کۆگاکردن، شێوازی کارگێڕی و ژیانی رۆژانەیان رێکخستووە و بەڕێوەبردووە.

بە پێی قسەکانی دکتۆر جەمیل جەمال، پێشتر نزیک بە 50 تیمی بیانیی شوێنەوارناسان لە هەرێمی کوردستان کاریان کردووە، بەڵام لەبەر دۆخی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بەشێکیان کارەکانیان راگرتووە و بۆ وڵاتانی خۆیان گەڕاونەتەوە.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، مۆڵەتی هەڵکۆڵین و کنە و پشکنینیان بۆ پێنج زانکۆی بیانی درێژکردووەتەوە.