زیاتر لە 3000 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی دهۆک دابەش دەکرێت
ئەمڕۆ قۆناخی دەیەمی پرۆسەی دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای دهۆک دەست پێ دەکات و زیاتر لە 3 هەزار پارچە زەوی بە فەرمانبەران دەدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: پرۆسەکە بە شێوەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی لە سنووری شارەوانییەکانی بجیل و رۆڤیا و میسریکێ بەڕێوە دەبات. هاوکات بڕیارە لە داهاتوودا زیاتر لە 5 هەزار و 500 پارچە زەوی لە سنووری شارەوانی کەڵەک بەسەر فەرمانبەران دابەش بکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک، تا ئێستا نزیکەی 22 هەزار پارچە زەوی دابەش کراون. لایەنی پەیوەندیدار پلانی هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ، ژمارەی ئەو پارچە زەوییانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن بگەیەنێتە 30 هەزار پارچە زەوی.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە ساڵی 2024 بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد. بەپێی بڕیارەکەش، هەر فەرمانبەرێک پارچە زەوییەکی بە رووبەری 200 مەتر وەردەگرێت.