بەحرەین سکاڵای لەسەر ئێران تۆمار کرد
بەحرەین بە فەرمی نامەیەکی سکاڵای ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد لەسەر پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ سەر خاکەکەی.
میدیای فەرمیی بەحرەین بڵاویکردەوە، شانشینی بەحرەین بە فەرمی نامەیەکی سکاڵای ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە سەبارەت بە نوێبوونەوە و پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر خاکەکەی.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی وڵاتەکە، نوێنەرایەتیی هەمیشەیی بەحرەین لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە نامە فەرمییەکەیدا وردەکاریی هێرشەکانی خستووەتەروو و رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی هەینی (13ی تشرینی دووەم) رووبەڕووی هێرشێکی ئێران بوونەتەوە و بەیانیی رۆژی یەکشەممەش (15ی تشرینی دووەم) هێرشێکی دیکە کراوەتە سەر وڵاتەکەیان.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی بەحرەین بەرپەرچی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ئێرانیان داوەتەوە و پێش ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکن، تێکیان شکاندوون.
هاوکات بەحرەین بە توندی سەرکۆنەی هێرشە دەستدرێژیکارەکانی ئێران دەکات و سەرجەم ئەو پاساو و بانگەشانەش رەت دەکاتەوە بۆ رەواییدان بە هێرشەکانی ئەم دواییە هێنراونەتەوە.
ئێران لە ماوەی شەش رۆژدا چوار جار بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. جەمال فارس روەیعی، باڵیۆزی بەحرەین لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ناوی هەر شەش وڵاتی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداوەوە رایگەیاند، لە دەستپێکی شەڕی 28ی شوباتی 2026ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 7,000 مووشەک و درۆنی ئێرانی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون.