شوان محەمەد بۆ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی: دەست لە موڵکی 'کارگەی کولتووری' هەڵگرن!

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا کە شوان محەمەد، نووسەر و رۆژنامەنووس لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و نووسینگەکەی تۆمەتبار دەکات بەوەی تەنگیان بە رێکخراوی بەڕێوەبەری "کارگەی کولتووری" هەڵچنیوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیان و واژۆکردنی گرێبەستێکی 49 ساڵی بە ناوی رێکخراوێکی سەر بە خۆیانەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی، کارگەی جگەرەی جارانی سلێمانی لە ساڵی 2019ـەوە لە وەزارەتی پیشەسازی سەندراوەتەوە و خراوەتە سەر وەزارەتی رۆشنبیری، دواتر بە گرێبەستێکی 15 ساڵی دراوەتە رێکخراوی (کولتوور و گەشەپێدانی بەردەوام) و "کارگەی کولتووری" تێدا دامەزرێندراوە.

دەستەکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، پاش بەدواداچوونیان بۆیان دەرکەوتووە کە ماوەی چەند مانگێکە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و خودی خۆی، تەنگیان بەو رێکخراوە هەڵچنیوە تاوەکوو گرێبەستەکەی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری هەڵبوەشێنێتەوە کە هێشتا چەند ساڵێکی ماوە کۆتایی بێت، بۆ ئەوەی خۆیان بە شێوەی مساتەحە گرێبەستێکی 49 ساڵە بە ناوی رێکخراوی (فاوەندیشن)ـەوە لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری واژۆ بکەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا سەرسوڕمان و نیگەرانیی دەستەکە بەرامبەر ئەو هەوڵەی جێگری سەرۆکوەزیران نیشاندراوە و تێیدا هاتووە: "پێمان سەیرە چۆن کەسێکی سیاسی وەک قوباد تاڵەبانی و نووسینگەکەی رێگا بە خۆیان دەدەن بۆ ماوەی 49 ساڵ فەرمانگەیەکی حکومەت بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان؟" هەروەها مەترسیی خۆیان دەربڕیوە کە ئەو موڵکەی وەزارەتی رۆشنبیری کە رووبەرەکەی 25 دۆنمە، هاوشێوەی موڵکە ژینگەیی و حکومییەکانی دیکە بە دەردی دەستبەسەرداگرتن بچێت و بدرێتە رێکخراوێکی ناحکومی کە کەسایەتییەکی حیزبی و حکومی لە پشتەوەیە.

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، لە ئێستادا زیاتر لە 50 پرۆژەی رۆشنبیری بە بەشداریی سەدان هونەرمەندی گەنج و بەئەزموون لە کارگەی کولتووریدا بەڕێوەدەچن، بۆیە ئەو هەوڵەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بە پێشێلکردنی بانگەشەکانی "پایتەختی رۆشنبیری" دەزانن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، دەستەکە داوا لە هاووڵاتییان، رۆشنبیران و هونەرمەندان دەکات کە ئەو هەنگاوە رەتبکەنەوە و رێگە نەدەن گرێبەستە 49 ساڵییەکە واژۆ بکرێت و دەست بەسەر موڵکی کارگەی جگەرەی جارانی سلێمانیدا بگیرێت.