48 کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی لە شەقامەکانی سلێمانی دادەنرێن
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی 48 کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود و چەند شەقامێکی دیکەی شارەکە دادەنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی سلێمانی پڕۆسەیەکی نوێی بۆ سنووردارکردنی خێرایی و رێگریکردن لە رووداوەکانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان دەست پێکرد و 48 کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود و چەندین خاڵی هەستیاری شارەکە دادەنێت.
ئەم هەنگاوە دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد و راستەوخۆ دێت بۆ ئەو رێگەیانەی بەهۆی تیژڕەوییەوە بوونەتە جێگەی دڵەڕاوکێی بەردەوامی پیادە و شۆفێران و رووداوی هاتوچۆ.
بەگوێرەی نەخشەی نوێی هاتوچۆ، تۆڕی کامێراکان دووسایدی هەواری شار، شەقامی ناو گەڕەکی هەواری شار، دووسایدی زەرگەتە و شەقامی توی مەلیک دەگرێتەوە. ئامانج لەم چاودێرییە چڕە تەنیا تۆمارکردنی سەرپێچی نییە، بەڵکوو کۆتاییهێنانە بەو پێشبڕکێ کوشندەیەی رۆژانە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان لە شەقامەکاندا دروست دەکات.
بڕیاریشە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی بە سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ لە چەند رێگەیەکی دیکەی دەرەوەی سنووری پارێزگای سلێمانی جێگیر بکرێن و خێرایی شۆفێران سنووردار بکرێت. بە گشتی خێرایی لە رێگەکانی دەرەوە لە نێوان 80 بۆ 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دیاری کراوە، ئەوەش وا دەکات رووداوەکانی هاتوچۆ کەمتر ببنەوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە لە 8ی تشرینی دووەمی 2026ـدا بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی سلێمانی و گەرمیان بە فەرمی 28 کامێرای خاڵ بۆ خاڵیان (14 کامێرا لە هەر سایدێک) بە درێژایی 60 کیلۆمەتری رێگای سەرەکیی دەربەندیخان - کەلار بە خێرایی رێگەپێدراوی 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا خستە کار.
پێشتریش لە 7ی حوزەیرانی 2026ـدا، هاتوچۆی سلێمانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵی لەسەر رێگای کەلار - کفری کارا کرد و هاوکات بەشێک لە کامێرای دەروازەکان و ناو شارۆچکە و شارەدێکانی رێگاکانی تاسڵوجە - دوکان، تاسڵوجە - چەمچەماڵ، هوانە - وارماوە و عەربەت - هەڵەبجە و پێنجوێنی گۆڕی بۆ سیستەمی یەک خاڵ.
پڕۆژەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە چوارچێوەی پلانەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆدا، بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان لە 29ی ئایاری 2023 لەسەر رێگای سلێمانی - دوکان (پاش تاقیکردنەوەی هەشت رۆژەی 24 کامێرا لە 21 تا 28ی ئایار) خرایە کار.