ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی رێگاوبان لە سنووری چەمچەماڵ جێبەجێ دەکرێن

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پرۆسەیەکی فراوانی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی رێگاوبانەکانی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دەستپێکردووە، کە دیارترینیان نۆژەنکردنەوەی رێگەی سەرەکیی (بانی مەقان - چەمچەماڵ - تەکییە)یە بە گوژمەی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی چاککردنەوەی رێگاوبانی چەمچەماڵ، دەستی بە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی رێگاوبان لە سنوورەکە کردووە، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ژێرخانی رێگاوبان و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.

دەشتی سالار، لە راگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە کوردستان24 ـی راگەیاند: "لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ژمارەیەک پڕۆژەی تایبەت بە رێگاوبان لە سنووری چەمچەماڵ دەستیان پێکردووە و هەموو هەوڵێک دەدرێت لە زووترین کاتدا تەواو بکرێن."

سەبارەت بە وردەکاریی پڕۆژەکان، دەشتی سالار ئاشکرای کرد کە گرنگترینیان بریتین لە:

- رێگەی بانی مەقان - چەمچەماڵ - تەکییە: بە گوژمەی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار نۆژەن دەکرێتەوە و قیرتاو دەکرێت.
- رێگەی گوندی هەزارکانی: بە درێژیی 1.3 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 209 ملیۆن دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و بەمزووانە تەواو دەکرێت.
- رێگەی گوندی کچان (ناحیەی سەنگاو): بە درێژیی زیاتر لە کیلۆمەترێک و بە گوژمەی 160 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت و کارەکانی لە قۆناخی کۆتاییدان.
- گوندی تاڵەبان و عەینکە: دروستکردنی دوو ئاوبەری کۆنکرێتی و دیواری راگر بە گوژمەی 180 ملیۆن دینار.

هەروەها جەختیشی کردەوە کە سەرجەم پڕۆژەکان بە دەستی کاری ناوخۆ و بە ستانداردی جیهانی جێبەجێ دەکرێن.

لەلایەکی دیکەوە، بە گوژمەی 250 ملیۆن دینار، کاری نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوە بۆ رێگەی 10 گوندی سنووری ناحیەی ئاغجەلەر بە درێژیی 35 کیلۆمەتر، هەروەها رێگەی دوو گوند لە سنووری سەنگاو بە درێژیی 15 کیلۆمەتر ئەنجام دراوە.

لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە 1,600 پڕۆژە لە بواری رێگاوبان جێبەجێ کراون و 80% ـی پڕۆژەکان تەواو کراون و خراونەتە خزمەتی هاووڵاتییان و شۆفێرانەوە.