ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: جەنگی ئەمریکا و ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وزە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری دا، جەنگی ئەمریکا و ئێران و ئەو قەیرانەی لە دابینکردنی وزەدا بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە دروست بووە، گەورەترین هەڕەشەی مێژوویین بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان.

ئاژانسەکە لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە لەژێر ناونیشانی "ئاسۆکانی وزەی جیهانی بۆ ساڵی 2026" لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوی کردەوە، روونیکردەوە: "لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو مەترسییە جیددییانەی هەڕەشە لە جموجۆڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەکەن و بەردەوامیی دۆخی ناسەقامگیری لە گەرووەکە و تەواوی ناوچەکەدا، قەیرانی ساڵی 2026 بە ئەگەری زۆرەوە کاریگەریی درێژخایەن بەجێ دەهێڵێت. هەروەها چەمکەکانی ئاسایشی وزە و توانای بەرگەگرتنی تێچووی وزە وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ بڕیاردەرانی ئەم کەرتە دەچەسپێنێت".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە پێویستە وڵاتان وەبەرهێنان لە هێڵی بۆریی جێگرەوەدا بکەن، سەرچاوەی نوێی دابینکردن پەرە پێ بدەن و وڵاتانی هاوردەکار رێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی خواست بگرنە بەر. ئەم هەنگاوانە رەنگە پێویستیی تێپەڕبوونی نەوت بە گەرووەکەدا کەم بکاتەوە، بە جۆرێک لە 20 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا پێش جەنگ، بۆ 8.5 ملیۆن بەرمیل تا ساڵی 2030 و بۆ کەمتر لە 2 ملیۆن بەرمیل تا ساڵی 2035 دابەزێت.

ئاژانسەکە روونیکردەوە کە تەنانەت لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم سیناریۆیەشدا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان دەمێنێتەوە، کە ئەمەش پێگە سەرەکییەکەی لە سیستمی ئاسایشی وزەی جیهانیدا دووپات دەکاتەوە. هاوکات پێشبینی کراوە سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە، بەتایبەتی وزەی خۆر و وزەی ئەتۆمی، ببنە گەورەترین سوودمەندی وەرچەرخان بەرەو سەرچاوە ناوخۆییەکان.

فاتح بیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی وزە، لە پێشەکیی راپۆرتەکەدا گوتی "قەیرانی گەرووی هورمز شۆکێکی گەورەی بۆ سەر سیستمی جیهانی دروست کردووە. سەرەڕای ئەوەی کەرتی وزە و ئابووریی جیهانی خۆڕاگری و نەرمییەکی زۆریان نیشان داوە، بەڵام بەردەوامبوونی قەیرانەکە بۆ ماوەیەکی درێژتر بە مانای قووڵبوونەوەی کاریگەرییەکانی دێت،  هیچ رێڕەوێکی واقیعی نابینم کە جیهانی وزە لە رێگەیەوە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ئەم قەیرانە".

فاتح بیرۆل روونیکردەوە، فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردن و پێدانی پێشینە بە سامانە نیشتمانییە بەردەستەکان، بوونەتە یەکەمین کاری لەپێشینەی وڵاتان. ئەو جەختیکردەوە، نابێت فشارەکانی قەیرانی ئێستا ببنە رێگر لە بەردەم ئەو بژاردانەی کە ئاسایش و بەردەوامی و بووژانەوەی وزە بۆ دەیەکانی داهاتوو دادەڕێژن. بیرۆل گوتیشی "وڵاتان رێڕەوی جیاواز دەگرنە بەر کە رەنگدانەوەی سەرچاوە و هەلومەرج و کارە لەپێشینەکانیانە". دەشڵێت: هەموو وڵاتان ئەرکیانە لە رێگەی هاوکارییەکی کاراوە سیستمێکی وزەی سەلامەتتر، بەردەوامتر و بە نرخێکی گونجاوتر بنیات بنێن.

هۆشدارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە کاتێکدایە کە جیهان رووبەڕووی نیگەرانیی پەیوەست بە بەرهەمە نەوتییەکان بووەتەوە. ئەمەش لەگەڵ بەردەوامیی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئێران کە کاریگەریی سەرەکییان لەسەر کەشتیوانی لە گەرووی هورمز هەبووە و لە ناوەندی گرژییەکانی تایبەت بە بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا بوون.

لە کاتێکدا وڵاتانی جیهان لە دابینکردنی وزەدا رووبەڕووی گەورەترین شۆکی مێژوو بوونەتەوە و کۆمەڵێک مەترسیی دیکەشیان لەبەردەمدایە، راپۆرتەکە ئاماژە بە فراوانبوونی مەودای رێڕەوە ئەگەرییەکانی داهاتووی وزە دەکات. ئەو بژاردانەی حکوومەتەکان وەک وەڵامدانەوە بۆ ئەم ئاڵنگارییانە دەیانگرنە بەر، دیمەنی وزەی جیهانی بۆ چەندین ساڵی داهاتوو سەرلەنوێ دادەڕێژنەوە.