خواردنی مێوژ بە شێوەی رۆژانە؛ سوودە تەندروستییەکان و سنووری بەکارهێنانی

هەرچەندە مێوژ دەوڵەمەندە بە ریشاڵ و ئاوێتە رووەکییە سوودبەخشەکان، بەڵام پسپۆڕان و توێژینەوە زانستییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوودەکانی بۆ کۆئەندامی هەرس، دڵ و شەکرەی خوێن پەیوەستە بە بڕی خواردنەکەیەوە، بەتایبەت کە لەدەستدانی ئاوی ترێ وا دەکات رێژەی شەکر تێیدا چڕ بێتەوە.

زۆرجار خواردنی مێوژ بە زیادکردنی چەند دەنکێک بۆ ناو شۆفان دەست پێدەکات، بەڵام رەنگە ببێتە خوویەک و مرۆڤ چەندین جار دەست بۆ کیسەکە بباتەوە. توێژینەوە بڵاوکراوەکان ئاماژە بە چەندین سوودی ئەگەریی مێوژ دەکەن، بەڵام جیاوازیی قەبارەی تاقیکردنەوەکان، ماوەکەیان و سیستمە خۆراکییە هاوپێچەکان وا دەکات نەتوانرێت ئەنجامەکان وەک بەڵێنێکی گشتگیر بۆ هەموو ئەوانە دابنرێت کە رۆژانە مشتێک مێوژ دەخۆن.

ریشاڵەکان؛ بڕەکەی جیاوازی دروست دەکات بەگوێرەی پێداچوونەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستیی (نیوترێنتس) بڵاوکراوەتەوە، هەر 100 گرام مێوژ نزیکەی 3.3 بۆ 4.5 گرام ریشاڵی تێدایە، ئەمەش بەپێی جۆری مێوژەکە دەگۆڕێت. بە شێوەیەکی نزیکەیی، 30 گرام مێوژ نزیکەی 1 بۆ 1.4 گرام ریشاڵ دابین دەکات. ئەمەش وا دەکات مێوژ ببێتە تەواوکەرێک بۆ بەشە ریشاڵی رۆژانە کە لە سەوزە، میوە، پاقلەمەنییەکان و دانەوێڵە تەواوەکانەوە وەردەگیرێت. تاقیکردنەوە بچووکەکان گۆڕانکارییان لە جووڵەی ریخۆڵەکاندا تۆمار کردووە، بەڵام ئەو بڕانەی لە تاقیکردنەوەکاندا بەکارهاتوون زۆر زیاتر بوون لەو چەند دەنکەی کەسێک بە شێوەی ئاسایی دەیخوات.

بەکتریای ریخۆڵە؛ ئەنجامێکی سنووردار لە توێژینەوەیەکدا کە ساڵی 2019 بڵاوکرایەوە و 13 کەسی پێگەیشتوو بەشدارییان تێدا کرد، بەشداربووان بۆ ماوەی دوو هەفتە رۆژانە سێ ژەم مێوژیان خوارد کە کێشی هەر ژەمێکیان 28.3 گرام بوو. توێژەران گۆڕانکارییان لە هەندێک گرووپی بەکتیریادا بەدی کرد، بەڵام کاریگەریی گشتی لەسەر پێکهاتەی مایکرۆبایۆمی ریخۆڵە سنووردار بوو. بچووکیی نموونەی توێژینەوەکە و کەمیی ماوەی چاودێریکردنەکە دەریدەخەن کە پێویست بە تاقیکردنەوەی گەورەتر هەیە بۆ تێگەیشتن لە کاریگەریی خواردنی بەردەوامی مێوژ لەسەر تەندروستیی ریخۆڵەکان.

دڵ و شەکرەی خوێن؛ توێژینەوەکان چی دەڵێن؟

 هەندێک تاقیکردنەوە باشبوونیان لە فشاری خوێن یان نیشاندەرەکانی کۆنترۆڵکردنی گلوکۆزدا دۆزیوەتەوە لە کاتی خواردنی مێوژدا، بەتایبەت کاتێک بەراورد کراوە بە ژەمە سووکە دەستکردەکان. بەڵام پێداچوونەوەیەکی زانستی کە لە ساڵی 2023 بڵاوکراوەتەوە، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پەیوەست بە هۆکارەکانی مەترسیی دڵ و کۆنترۆڵکردنی شەکرەی خوێنی بە "جیاواز و یەکلانەبووەوە" وەسف کردووە. لێرەدا بەراوردکاری گرنگیی خۆی هەیە، چونکە گۆڕینی ژەمێکی سووک بە مێوژ جیاوازە لەوەی مێوژەکە بۆ سەر خواردنە ئاساییەکانی رۆژانە زیاد بکرێت، هەروەها باشبوونی نیشاندەرێکی وەک فشاری خوێن بە تەنیا بەس نییە بۆ سەلماندنی کەمبوونەوەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لە مەودای درێژخایەندا.

کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ نەخۆشیی شەکرە ئاماژە بەوە دەکات کە دوو کەوچکی گەورە لە میوەی وشککراوە، وەک مێوژ، رەنگە نزیکەی 15 گرام کاربۆهیدراتی تێدا بێت. بۆیە پێوانەکردنی بڕەکە و پێداچوونەوە بە زانیارییە خۆراکییەکانی سەر پاکەتەکەدا بەسوودە، بەتایبەت کاتێک دەکرێتە ناو شۆفان، نان یان خواردنەکانی دیکەی دەوڵەمەند بە کاربۆهیدرات.

پسپۆڕان رێنمایی دەدەن کە مێوژ دەتوانێت بەشێک بێت لە سیستمێکی خۆراکیی هاوسەنگ بە مەرجێک بڕەکەی بەپێی پێداویستیی کەسەکە و ژەمەکانی دیکەی دیاری بکرێت، چونکە خواردنی راستەوخۆ لەناو کیسەکەوە وا دەکات خەمڵاندنی بڕەکەی قورس بێت.