فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمانی دوور" لە بەریتانیا خەڵاتی باشترین فیلمی درێژی بەدەستهێنا
فیلمی درێژی کوردی "زەوی سەخت و ئاسمانی دوور"، لە دەرهێنانی هەوراز محەمەدە، لە 45ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کامبریج لە بەریتانیا، خەڵاتی باشترین فیلمی درێژی لە روانگەی بینەرانەوە بەدەستهێنا.
پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، هەوراز محەمەد، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە 45ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کامبریجدا، نزیکەی 100 فیلم لە زیاتر لە 25 وڵات جیهانەوە بەشدار بوون، بۆیە بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ لە روانگەی بینەرانەوە، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ سینەمای کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا."
هەوراز محەمەد باس لە گرنگیی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کامبریج، یەکێکە لەو رووداوە سینەمایییە نێودەوڵەتییانەی لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و هەموو ساڵێک کۆمەڵێک فیلمی جۆراوجۆر لە وڵاتانی جیهانەوە پێشکەشی بینەران و خۆشەویستانی سینەما دەکات. ئەم فێستیڤاڵە، سەکۆیەکە بۆ ناساندنی بەرهەمە سینەمایییەکان، پشتگیریکردنی دەرهێنەران و بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆ و دروستکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەیاندنی چیرۆک و ئەزموونە جیاوازەکان بە بینەرانی نێودەوڵەتی."
سەبارەت بە بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە گرنگە، هەوراز محەمەد دەڵێت، "بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ لە روانگەی بینەرانەوە، گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم خەڵاتە رەنگدانەوەی پەسەندکردن و پەیوەندیی راستەوخۆی بینەرانە لەگەڵ فیلمەکە و ناوەڕۆکەکەیدا. ئەم دەستکەوتە جگە لەوەی ناسنامەی سینەمای کوردی لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا زیاتر دەناسێنێت، دەرفەتێکیشە بۆ گەیاندنی چیرۆک و بابەتە کوردییەکان بە کۆمەڵگەیەکی فراوانتر و پیشاندانی توانای سینەماکارانی کورد لە ئاستی جیهانیدا."
ئەو دەرهێنەرە رایگەیاند،، "ئەو فیلمە سینەماییە، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان تۆمار کراوە و درامایەکی شیعری و پڕ لە هەستە، باس لە تاوانباریی، بیرەوەریی و کاریگەریی درێژخایەنی شەڕ دەکات. چیرۆکی فیلمەکە دەربارەی هاروونە، شۆڕشگێڕێکی کورد لە ژێر کاریگەریی برینە دەروونییەکانی رابردوو و بارگرانیی ئەو شتانەدایە کە لە رابردوودا بەسەری هاتوون."
هەوراز محەمەد زیاتر باس لە چیرۆکی فیلمەکە دەکات و گوتی، "هاروون بۆ دۆزینەوەی ئارامی، سەرەتا پەنا دەباتە بەر میوزیکی ئایینیی یارسان، پاشان رێگەیەک دەگرێتە بەر دەیگەیەنێتە لای مەریەم، ژنێکی کورد لە گوندێکی دوورەدەست لە ناوچەی سێگۆشەی سنوورەکاندا دەژیت و بە نەقشی جەستە و خاڵکێشانی نەریتیی کوردی ناسراوە. ئەو ناوچەیە لەو شوێنەدایە کە سنوورەکانی عێراق، ئێران و تورکیا یەکدی دەبڕن."
ئەو دەرهێنەرە گوتیشی، "فیلمەکە لە رێگەی گەشتەکەی هاروونەوە، بابەتێک دەخاتەڕوو و بە دەگمەن لە ژیانی گشتیی کوردیدا بەئاشکرا باس دەکرێت، ئەویش کاریگەرییە ئەخلاقی و دەروونییەکانی شەڕ، بە تایبەتی دوای شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆییەکانە. ئەم فیلمە شەڕ وەک دیمەنێکی سەرنجڕاکێش نیشان نادات، بەڵکو دەڕوانێتەوە ئەو شتانەی دوای شەڕ دەمێننەوە، ئەو برینانەی شەڕ لە جەستە، زەوی، خێزان و رۆحی مرۆڤدا بەجێی دەهێڵێت."
هەوراز محەمەد ئەوەشی روونکردەوە، "لە رێگەی خودی زەوی و سروشت، میوزیکی یارسان و نەریتی کۆنی کوردیی دێق، هەوڵم دا زمانێکی سینەمایی بۆ بیرەوەری، چاکبوونەوە و ئاشتەوایی بدۆزمەوە. فیلمەکە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە، بە زمانی کوردییە. ئەکتەر و ستافی بەرهەمهێنانەکەشی لە چوار بەشی سەرەکیی کوردستانەوە پێک هاتوون."
فیلمی سینەمایی "زەوی سەخت و ئاسمانی دوور"، لە دەرهێنانی هەوراز محەمەدە، لە نووسین و سیناریۆی هەوراز محەمەد و مەنسوور تایفۆرییە. سالم سەلاڤاتی کاری وێنەگرتنی فیلمەکەی کردووە. ماوەی فیلمەکە 102 خولەکە و هەر یەکە لە، مەریەم بووبانی، بەختیار پەنجەیی، دیمەن زەندی و ئەژدەر سازگار رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن.