پەیامنێری کوردستان24: هێزە عێراقییەکان لە دەروازەکانی جورف سەخر کۆبوونەتەوە

شەش یەکەی جیاوازی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق گەیشتوونەتە نزیک دەروازەکانی جورف سەخر و پرۆسەی چوونە ژوورەوەیان لە کاتژمێر 6:00ـی بەرەبەیانەوە بۆ کاتژمێر 8:00 دواخرا، هاوکات پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ کەتائیبی حزبوڵڵا نەکراوە و هەردوولا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، شیڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە قەزای موسەیبی پارێزگای بابل رایگەیاند، هەر یەکە لە لیوایەکی سوپای عێراق، لیوایەکی پۆلیسی فیدراڵی، دوو لیوای حەشدی شەعبی، فەوجێکی دژەتیرۆری عێراقی و فەوجێکی پاراستنی بۆڕییە نەوتییەکان گەیشتوونەتە نزیک یەکێک لە دەروازەکانی جورف سەخر.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، هەرچەندە پێشتر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کاتژمێر 6:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆی وەک دوا وادە بۆ چوونە نێو جورف سەخر دیاریکردبوو، بەڵام جووڵەی هێزەکان بۆ کاتژمێر 8:00 دواخرا. لەگەڵ ئەوەشدا هەم عەلی زەیدی و هەم سەعد مەعن پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هیچ پاشگەزبوونەوەیەک لە بڕیارەکە نییە و هێزەکان دەچنە نێو ناوچەکە.

لەبارەی جۆر و ئامادەکاریی هێزەکان، شیڤان جەباری گوتی: "لەو هێزانەی لەسەر رێگای بەغداوە تاوەکو موسەیب و نزیک جورف سەخر بینراون، هیچ چەکێکی قورسی وەک تانک و مووشەک بەدی ناکرێت، بەڵکو هێزەکان بە ئۆتۆمبێلی سەربازی، کۆستەر و پاس هێنراونەتە نزیک ناوچەکە؛ ئەمەش وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە بۆ شەڕ نەهاتوون، بەڵکو بۆ ئاڵوگۆڕی شوێن و جێگیربوون بە شێوەیەکی قۆناخبەندی هاتوون، تاوەکو حکوومەت هەیمەنەی خۆی لەو ناوچانە بسەپێنێت."

پەیامنێری کوردستان24 روونیشی کردەوە، ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی لە کاتی چوونە ژوورەوەدا، چەند شوێنێکی دیاریکراو کە پێشتر بەدەست کەتائیبی حزبوڵڵاوە بوون رادەستی هێزە عێراقییەکان بکرێن و لەمەودوا بە شێوەی هاوبەش بەڕێوەببرێن. هەروەها لە رۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی قۆناغبەندی پێشڕەوی بەرەو ئەو شوێنانەش دەکرێت کە ساغ بوونەتەوە بەقاچاخبردنی نەوتیان تێدا دەکرێت یان گومانی دەرهێنانی نەوت لە ژێرزەوییەوە لێ دەکرێت، بە مەبەستی دروستکردنی پشتوێنێکی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی هەر سێ دەروازە سەرەکییەکەی جورف سەخر.

لە لایەکی دیکەوە، شیڤان جەباری ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان سوپا و حکوومەتی عێراق لەگەڵ کەتائیبی حزبوڵڵادا نەکراوە. تەواوی هێزە عێراقییەکان لە موسەیب، جورف سەخر، بابل، ئەنبار و سەرتاسەری عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە بەرامبەریشدا چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵا لە نێو جورف سەخردا لە ئامادەباشیی تەواودان.

بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، هەرچەندە هەردوولا جەخت لەوە دەکەنەوە کە نییەتی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیان نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە کە ئایا رووبەڕووبوونەوە روودەدات یان نا، چونکە چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵا چەکیان پێیە و رایانگەیاندووە ئەگەر حاڵەتێکی نەخوازراو رووبدات، ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە و شەڕ دروست دەبێت.