مۆساد زانیاری ئەتۆمی بە واشنتن دەدات

رۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای مۆساد لە سەردانێکیدا بۆ واشنتن، داوای لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا کردووە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکەنەوە و چەند رۆژێک بخایەنن، هاوکات زانیاری هەواڵگری لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران خستووەتە بەردەستیان.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای مۆساد، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لەگەڵ جۆن راتکلیف، سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی و بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا کۆبووەتەوە و داوای کردووە هەڵمەتێکی بۆردومانی ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکرێت کە ماوەی چەند رۆژێک بخایەنێت.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، سەرۆکی مۆساد لە کۆبوونەوەکاندا زانیاری هەواڵگری سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران داوەتە بەرپرسە ئەمریکییەکان و فشاری کردووە کە واشنتن بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران بۆردومان بکات. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە گۆفمان یەکێکە لە کەسە نزیک و متمانەپێکراوەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل.

هاوکات، رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاویکردەوە، پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کنێست کە لە 27ـی مانگی رابردوو ئەنجام دران، بنیامین ناتانیاهۆ داوای لە رۆمان گۆفمان کردووە خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی نهێنی لەنێو ئێران ئامادە بکات، بەڵام ئەو بابەتەی لە ئەندامانی کابینەکەی و سوپای ئیسرائیل شاردووەتەوە.

پێشتریش میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردبووەوە کە ئیال زامیر، سوپاسالاری وڵاتەکە، ئاگاداری ئەوە بووە مۆساد پلانێکی داڕشتووە، بەڵام وردەکارییەکەی نەزانیوە و دژی ئەوە وەستاوەتەوە کە پێش هەڵبژاردنەکانی کنێست هێرش بکرێتە سەر ئێران.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئاشکرای کردووە، واشنتن سیستەمێکی دیکەی بەرگریی "پاتریۆت" و کەرەستەی سەربازیی رەوانەی ئیسرائیل کردووە؛ ئەمەش دوای ئەوەی هێرشەکانی ئێران زیانیان بە چەند پێگەیەکی ئیسرائیل و بنکە و رادارەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندووە.