راپۆرتێک: ئەمەریکا و ئیسرائیل تاوتوێی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران دەکەن

میدیایەکی ئەمریکی راپۆرتێکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەن، و بە گوێرەی زانیارییەکانیش هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ئەوەندە لە ئامادەباشیدان کە لە ئەگەری دەرچوونی فەرماندا دەتوانن لە ماوەی دوو بۆ چوار رۆژدا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی هێرشبەرانە دەست پێبکەن.

هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، کەناڵی سی بی ئێس نیوزی راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ نیگەرانە لەو خێراییەی ئێران بۆ بنیاتنانەوەی توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و شاردنەوەی ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمی لە ژێر زەویدا، لە کاتێکدا چاودێرانی نێودەوڵەتی پێیان وایە هێشتا نزیکەی 900 پاوەند یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستی 60% لە ژێر داروپەردووی دامەزراوە ئەتۆمییە زیانلێکەوتووەکانی ئێراندا هەیە.

لەم چوارچێوەیەشدا رۆژی چوارشەممە، کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لەگەڵ ئەیال زەمیر سوپاسالار و رۆمان گۆفمان سەرۆکی دەزگای مۆساد کۆبووەوە بۆ هەڵسەنگاندنی گشتگیری دۆخەکە، ئەمەش دوای سەردانە چەند رۆژییەکەی هەفتەی رابردووی سەرۆکی مۆساد بۆ واشنتن.

سەرەڕای ئەوەی سوپای ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشی دایە و دەیەوێت هێرشێکی هاوبەش لەگەڵ واشنتن ئەنجام بدات، هەروەها ئەمەریکاش دەیان هەزار سەرباز و دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و دەیان کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئایا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی هێرشێکی نوێ دەدات یان نا.

ترەمپ کە پارتەکەی لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسدا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە تووشی شکست بوو و لە کانوونی دووەمدا دەسەڵاتی کۆنگرێس دەکەوێتە دەست دیموکراتەکان، لێدوانی جیاوازی داوە؛ لە کاتێکدا بە فۆکس نیوزی راگەیاندبوو "بەم زووانە کۆتایی بە جەنگ دەهێنێت"، بەڵام رۆژی پێنجشەممە بە کەناڵی 12ی ئیسرائیلی گوتووە کە "پەلە لە هیچ بڕیارێکدا ناکات" و چاوەڕوانی دوای سەری ساڵ دەبن. لە ناوخۆی ئیسرائیلیشدا، رکابەرەکانی ناتانیاهۆ کە لە هەوڵی پێکهێنانی حکوومەتی نوێدان، گومانی ئەوەی لێ دەکەن بیەوێت بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا وڵات بباتەوە ناو جەنگ.

لە لایەکی دیکەوە، دوای ئەوەی ترەمپ بەر لە کۆبوونەوەکانی لە چین بەبێ هیچ بەڵگەیەک گوتی: ئێران دوای سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی دەدات، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تۆمەتەکانی رەتکردەوە و بە دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆی ساختەی پێش جەنگی عێراق لە ساڵی 2003 ناوی برد.

هاوکات لەگەڵ پێکدادانە پچڕپچڕەکانی ئەم هەفتەیە لە دوورگەی قەشم و هێرشەکانی سەر بەحرەین و کوەیت، دەسەڵاتدارانی ئێران هۆشدارییان داوە و لە راگەیەندراوێکدا کە دراوەتە پاڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، جەخت کراوەتەوە، لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ جەنگی کراوەدا، "هیچ سنوورێکی جوگرافی بۆ مووشەکەکانی ئێران نابێت" و هەڕەشەی لێدان لە بنکەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا، ژێرخانی وزەی کەنداو و کێبڵە ژێردەریاییەکانی ئینتەرنێتیش کراوە.