سەباح نوعمان: ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی جورف سەخر دەکرێت

"سبەی رێگەی پردی فازڵییە بەرەو کەربەلا بە فەرمی دەکرێتەوە"

سەباح نوعمان، گوتەبێژی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق
سەباح نوعمان، گوتەبێژی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق

گوتەبێژی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رایگەیاند: پلانێکی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکوومەتی خۆجێی ئامادە دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکان لە ناحیەی جورف سەخر وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی، هاوکات جەختی کردەوە کە سبەی شەممە دەست بە کردنەوەی رێگەکان دەکرێت.

هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەی کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، قۆناخی داهاتوو ئامادەکردنی پلانی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکوومەتی خۆجێی بەخۆیەوە دەبینێت بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکان لە ناحیەی جورف سەخر وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی.

ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکان لە ناحیەی جورف سەخر بەپێی ئەوەی پلانی بۆ دانراوە و بە رەوانییەکی زۆر بەرز و بە گوێرەی رێکار و ڕێوشوێنە دانراوەکان بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ پەرۆشیی هەمووان بۆ جێبەجێکردنی تەواو و خێرای فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن نووسینگەکەیەوە.

گوتەبێژەکە سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، بارەگای کۆنترۆڵکەر لە جورف سەخر بەیانیی ئەمڕۆ کراوەتەوە و فەرماندەکەی و هەردوو جێگرەکەی بەپێی پلانێکی تەواوکاری کە چەندین قۆناخ بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە لەخۆ دەگرێت، دەستیان بە ئەرکەکانیان کردووە.

روونیشی کردەوە، دیارترین بڕگەکانی پلانەکە بریتین لە سەرپەرشتیکردنی راستەوخۆی پرۆسەی بڵاوبوونەوە و خێرا گۆڕینی ئەو هێزانەی ئێستا زەوییەکەیان بەدەستەوەیە بە هێزە نوێیەکان.

سەباح نوعمان رایگەیاند: بەیانیی سبەی شەممە کردنەوەی فەرمیی ڕێگەی پردی فازڵییە بەرەو پارێزگای کەربەلا بەخۆیەوە دەبینێت. ئاماژەی بەوەش کرد، پلانەکە کردنەوەی ئەو ڕێگایانەش لەخۆ دەگرێت کە ناوچەکە بە پارێزگاکانی دیکەوە دەبەستنەوە، لەوانە ئەو رێگایانەی بەرەو عامرییەی سموود و پارێزگای ئەنبار دەچن، دوای تەواوکردنی قۆناخەکانی بڵاوبوونەوە و دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە.

دەشڵێت: یەکە ئەمنییەکان دوای تەواوکردنی گرتنەدەستی زەوی و جێگیربوون، دەست دەکەن بە دابینکردنی ئاسایشی تەواوی ناوچەکە، ئەویش بەپێی پلانێکی فراوانی بڵاوبوونەوە کە نەبوونی هیچ کەلێن یان بۆشاییەکی ئەمنی مسۆگەر دەکات.

ئاماژەی بەوە دا، هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ هەر چوار فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوروبەری ناوچەکە و فەرماندەیی بارەگای کۆنترۆڵکەر و پێکهاتەکانیدا هەیە.

سەبارەت بە گۆڕینی یەکە ئەمنییەکان، سەباح نوعمان جەختی کردەوە کە ، پرۆسەکە بە پێی رێکارە ئەمنی، لۆجستی و سەربازییە دیاریکراوەکان بەڕێوە دەچێت.

گوتیشی: فەوجی پۆلیسی وزە بە سەرپەرشتیی مەیدانیی راستەوخۆی فەرماندەی پۆلیسی وزە دەستی بە ئەرکەکانی کردووە لە گرتنەدەست و پاراستنی بۆرییە نەوتییەکانی ناو ناوچەکەدا.

هاوکات ئاشکرای کرد، پرۆسەی گواستنەوەی کەرتی بەرپرسیارێتی لە لیوای 45ـی ئێستاوە بۆ لیوا نوێیەکەی حەشدی شەعبی بە کردەیی دەستیپێکردووە و بەپێی پلانە دانراوەکە بە رەوانییەکی بەرز بەڕێوە دەچێت.

دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ، بەیانیی ئەمڕۆ، هەر یەک لە پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی وزە، دوو لیوای حەشدی شەعبی چوونە نێو ناحیەی جورفو سەخر و ناوچەکەیان گەڕاندەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت.

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی جورف سەخر، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە پەیامێکدا ئاشکرای کرد،  هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نامێنێت و لە جورف سەخرەوە قۆناخی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا دەستپێدەکات.