عێراقچی: داواکاریی ئێران ئەوەیە ترەمپ خواستی خۆی بۆ رێککەوتن رابگەیەنێت

"تاران هێشتا ئومێدی بە دیپلۆماسی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ"

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: تاران هێشتا ئومێدی بە دیپلۆماسی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و داواکاریی یەکەمی وڵاتەکەی ئەوەیە، ترەمپ خواستی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک ڕابگەیەنێت کە گەرەنتیی هەڵنەگیرسانی جەنگێکی دیکە لە داهاتوودا بکات.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تاران هێشتا هیوای لەسەر رێگەچارەی دیپلۆماسی هەڵچنیوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و داواکاریی یەکەمی وڵاتەکەی ئەوەیە، ترەمپ خواستی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن رابگەیەنێت.

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، تاران هەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن دەدات کە گەرەنتیی هەڵنەگیرسانی جەنگێکی دیکە لە داهاتوودا بکات.

عێراقچی ئاماژەی بەوەش دا، ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکادا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هێشتا بەردەوامە و تاران بە پێویستی نازانێت نێوەندگیرەکان لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا بگۆڕدرێن.

لەبارەی رێوشوێنە کردەییەکانی دانوستاندنەکانەوە، عێراقچی ئاشکرای کرد، کە لەسەر پێشنیازی نێوەندگیرەکان، پلانی ئێرانییان لە حەفت رۆژەوە بۆ دوو رۆژ کورت کردووەتەوە بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی خێراتر بکرێت.

هاوکات روونیشی کردەوە، تا ئێستا وەڵامی ئەمریکایان لەسەر پێشنیازە دوو رۆژییەکە پێنەگەیشتووە و ئەگەر واشنتن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن جیددییە، دەبێت هەڵوێستی خۆی راست بکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی لە ئیسلامئاباد پێی گەیشتبوون، چیدیکە لەسەر مێزی گفتوگۆ نەماوە.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، عەباس عێراقچی باسی لەوە کرد، کە دەکرێت چارەیەکی دادپەروەرانە بۆ پرسی ماددە ئەتۆمییەکان بدۆزرێتەوە کە پشت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران ببەستێت و پێداویستییەکانی وڵات مسۆگەر بکات. 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەی بەوە دا کە تاران هێڵی سووری لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێنراوەوە هەیە و یەکەمین هێڵی سووریش ئەوەیە کە ئەو ماددانە لە وڵات نەبرێنە دەرەوە.