وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر چوار هاووڵاتیی ئێرانیدا سەپاند

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گەمارۆی بەسەر چوار هاووڵاتیی ئێرانیدا سەپاند، کە داهاتی فرۆشتنی نەوتیان بۆ تاران کۆکردووەتەوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە: "تۆمەتباران داهاتی فرۆشتنی نەوت لە دەرەوەی وڵات وەردەگرن بە ئامانجی خۆدزینەوە لە گەمارۆکانی پێشوو".

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە توندکردنی فشارە ئابووری و داراییەکان بۆ سەر ئێران، بەتایبەتی لەسەر سوپای پاسداران و ئەو تۆڕانەی کە بە دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییەکانیان و خۆدزینەوە لە گەمارۆکان تۆمەتبار دەکرێن.

دوێنێ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر دەبن.

چوارشەممەی رابردوو، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، رێساکانی پەیوەست بە گەمارۆی دەریایی لەسەر هەناردەی نەوتی ئێرانی توندتر کردووە. هەروەها جەختیکردەوە، هەر کەشتییەک لە ناوەڕاستی دەریا بار لەو کەشتییانە وەربگرێت کە لە ئێرانەوە بارکراون، وەک خۆدزینەوە لە گەمارۆکە هەژمار دەکرێت، تەنانەت ئەگەر نەچێتە بەندەرەکانی ئێران یان لە کەناراوەکانیشی نزیک نەبێتەوە.

ئەمریکا گەمارۆی دەریایی لەسەر هەناردەی نەوتی پەیوەست بە ئێران لە 13ـی نیساندا دەستپێکرد، پێش ئەوەی لە مانگی حوزەیراندا هەڵیبگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن و تاران گەیشتنە رەشنووسی لێکگەیشتنێک. دواتریش لە 14ـی تەممووزدا، پاش هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە، واشنتن گەمارۆکەی خستەوە سەر هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە.