بۆڕییەکی حزبوڵڵا بۆ بە قاچاخبردنی نەوت ئاشکرابوو

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆرییەکی نایاسایی گواستنەوەی نەوتیان لە شارەدێی جورف سەخر لە پارێزگای بابل ئاشکراکرد.

هێزە ئەمنییەکان شەوی رابردوو لە کاتی بڵاوەپێکردنیان لە ناوچەکە، دیمەنی ئەو بۆرییەیان خستەڕوو کە بە ژێر زەویدا تێپەڕ دەبێت و بۆ قاچاخبردنی نەوت لەلایەن حزبوڵڵاوە بەکاردێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاشکراکراون، تیرەی بۆرییەکە 6 ئینجە و لە ساڵی 2021ـەوە بە بەردەوامی نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت. بەهۆی ئەم کارەوە، حزبوڵڵای عێراقی لە ماوەی پێنج ساڵدا دەیان ملیۆن دۆلاری لە رێگەی ئەو بۆرییەوە دەستکەوتووە.

میدیاکانی رۆژئاوا رایانگەیاند، حزبوڵڵا لە رێگەی جورف سەخرەوە رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی بە قاچاخ بردووە و لە پاڵاوگە تایبەتەکانی خۆیدا بۆ فرۆشتن ئامادەی کردوون.

دوای تێپەڕبوونی 12 ساڵ، بەیانیی دوێنێ هەینی 20ـی تشەرینی دووەمی 2026، هەر یەک لە پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی وزە، دوو لیوای حەشدی شەعبی چوونە نێو ناحیەی جورفو سەخر و ناوچەکەیان گەڕاندەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت.

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی جورف سەخر، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە پەیامێکدا ئاشکرای کرد، هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نامێنێت و لە جورف سەخرەوە قۆناخی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا دەستپێدەکات.