سێنتکۆم: بەردەوامیی جموجووڵی سەربازی دژی ئێران هەڕەشەیە بۆ هێزەکانمان

رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" بڵاویکردەوە، پلاندانەرانی سەربازیی ئەمریکا هۆشدارییان دا، بەردەوامبوونی جموجووڵی سەربازی دژی ئێران هەڕەشە لە ئامادەیی هێزەکانی واشنتن دەکات ئەگەر دۆخەکە تا ساڵی داهاتوو درێژە بکێشێت.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای راگەیاند، بەردەوامبوونی جموجووڵی گەورەی سەربازی لە دوای کۆتایی کانوونی یەکەم، رەنگە زیان بە ئامادەیی هێزەکانیان بگەیەنێت. هەروەها رۆژنامەکە لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادار، لەنێویاندا بەرپرسانی ئەمریکی، گواستییەوە سێنتکۆم ئەو پەیامەی گەیاندووەتە کۆشکی سپی.

بەگوێرەی فاینانشاڵ تایمز، پلاندانەرانی سەربازی ئەوە لەبەرچاو دەگرن کە کۆنگرێسی نوێ بە سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان، رەنگە خەرجیی بەرگری سنووردار بکات و چاودێریی زیاتر بەسەر ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکاندا بسەپێنێت، بەتایبەت لە شەڕی دژی ئێراندا کە پاڵپشتییەکی جەماوەریی ئەوتۆی نییە.

یەکێک لە سەرچاوەکان گوتی: "سێنتکۆم بە ئیدارەی ئەمریکا رادەگەیەنێت کات بەرەو تەواوبوون دەچێت و پارە و ئامادەیی هێزەکان خەریکە دادەپڕووکێت، لەنێویاندا توانای رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جیهانییەکانی دیکە، لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر بڵاوەپێکردنی هێزەکان دژی ئێران."

لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا ئەو لێکدانەوەیەی رەت کردەوە و رایگەیاند، سێنتکۆم بە ئیدارەکەی رانەگەیاندووە کاتیان بەسەر دەچێت، یان هێزەکان تووشی ماندووبوون دەبن ئەگەر پێش سەری ساڵ هێرشەکان دەست پێ ناکەنەوە.

هاوکات رۆژنامەکە روونیکردەوە، ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییانەی بەردەوام داوای دەستپێکردنەوەی شەڕیان دەکرد، بیانووی "کەمبوونەوەی دەرفەت" بۆ هاندانی ترەمپ بەکاردەهێنن تا پێش کۆتایی ئەمساڵ هێرشی نوێ بکاتە سەر ئێران.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ترەمپ هێشتا بڕیاری لەوبارەیەوە نەداوە. پێنجشەممەی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی راگەیاند: "پەلە ناکەم لە بڕیارداندا، دەبینین دوای سەرەتای ساڵ چی روودەدات." هاوکات بە تۆڕی "فۆکس نیوز"ی گوت: "دەبینین دوای یەکی کانوونی دووەم چی روودەدات." هەروەها لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاند: "کاتمان لەبەردەستدایە."

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی بە فاینانشاڵ تایمزی راگەیاند، هەڵمەتی فشاری ئابووری "ئێران بەجۆرێک وێران دەکات کە سەرۆک پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازی نییە"، بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە سەرجەم بژاردەکان لەسەر مێزن بۆ رێگریکردن لەوەی تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

فاینانشاڵ تایمز باسی لەوەش کرد، ترەمپ بەردەوام لەنێوان هەڕەشەی سەربازی و بانگەشەکردن بۆ چارەسەری دیپلۆماسیدا بووە، بەڵام لە دوایین هەڵوێستیدا ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنی کەم کردەوە و رایگەیاند بە مانەوەی دۆخی ئێستا رازییە، کە بریتییە لە سەپاندنی گەمارۆیەکی دەریایی تێچووزۆر بەسەر ئێراندا.

مانگی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ بەرەنگاری فشارەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووەوە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان کە پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول، دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانی مەدەنیی ئێران بکاتە ئامانج.