پەروین چاکار ماستەرکلاسێکی تایبەت بە تەکنیکی دەنگبێژی و ئۆپێرا لە سلێمانی پێشکەش دەکات

ماستەرکلاسێک بۆ فێربوون و پەرەپێدانی تەکنیکی دەنگبێژی، گۆرانیی کلاسیک و هونەری ئۆپێرا، لەلایەن پەروین چاکار، خانمە گۆرانیبێژی ناوداری ئۆپێرای کورد، لە بەشی موزیکی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی پێشکەش دەکرێت.

شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، پەروین چاکار، خانمە گۆرانیبێژی ناوداری ئۆپێرای کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم ماستەرکلاسە بۆ قوتابیان و ئەوانەی لە بواری دەنگبێژی و گۆرانیی ئەکادیمیدا کار دەکەن رێکخراوە، ئامانجی سەرەکیی من لە گواستنەوەی ئەزموونی نێودەوڵەتی و پێشکەشکردنی راهێنانی تایبەتە لە تەکنیکەکانی دەنگبێژی و گۆرانیی کلاسیکدا."

چاکار سەبارەت سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لە هونەری ئۆپێرا گوتی، "من لە ماوەی ساڵانی کارکردنم لە چەندین وڵات و لەگەڵ کولتوورە جیاوازەکاندا، ئەزموونی بەشداری و کارکردنم لەسەر شانۆ ئۆپێراییە گرنگەکانی ئەورووپام بەدەستهێناوە. ئێستاش دەمەوێت ئەو زانیاری و ئەزموونەی لە بواری دەنگبێژی و مۆسیقای کلاسیکدا کۆمکردووەتەوە، بیگوازمەوە بۆ گەنجانی ئەو ناوچەیەی کە خۆم تێیدا گەورە بووم."

ئەو گۆرانیبێژە ئۆپێراییە باسی لەوەش کرد، "پێموایە بەهرە سنووری جوگرافیایی ناناسێت، بەڵام بۆ گەشەکردن پێویستی بە دەرفەت، پەروەردەی کوالێتی، هاندان و رێنمایی دروست هەیە. زۆرێک لە گەنجانی شارەکانی کوردستان دەرفەتی پێویستیان بۆ پەرەپێدانی تواناکانی هونەری و پەیوەندیکردن بە جیهانی هونەریی نێودەوڵەتی بەردەست نییە، بۆیە ئەم جۆرە چالاکییانە دەتوانن بەشێک لەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە."

سەبارەت بە پاراستنی کولتوور و میراتی کوردی، چاکار دەڵێت، "پاراستنی کولتوور، زمان و میراتی موزیکی کوردی لەگەڵ فێربوونی هونەری جیهانی ناکۆک نین، بەڵکو دەتوانن یەکتری دەوڵەمەند بکەن. گەنجی کورد دەبێت هەمان دەرفەتی هەبێت گۆرانیی کوردی بخوێنێت و لە هەمان کاتدا بتوانێت بەرهەمەکانی مۆزارت، ڤێردی و پوچینی لەسەر شانۆ ئۆپێراییەکانی جیهان پێشکەش بکات."

چاکار ئەوەشی روونکردەوە، "ئەمە دووەمین ماستەرکلاسە من پێشکەشی دەکەم. پێشتر یەکەمین ماستەرکلاسەکەم بە هاوکاریی شارەوانی دیاربەکر لە ناوەندی رۆشنبیریی سەزایی کاراکۆچ ئەنجام داوە؛ ئەوەش بەشێک بووە لە هەوڵەکانم بۆ گەیاندنی ئەزموونی هونەریی نێودەوڵەتی بە گەنجانی ناوچەکە."

چاکار باس لە هەوڵە بەردەوامەکانی خۆی لە هونەری ئۆپێرا دەکات و دەڵێت، "من سوپاسی زانکۆی سلێمانی دەکەم کە پێشنیارەکەمی قبوڵ کردووە و دەرگای خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەم ماستەرکلاسە کردووەتەوە. ئامانجی ئەم هەوڵانە تەنیا ئەنجامدانی چەند رۆژێک راهێنان نییە، بەڵکو دروستکردنی تۆڕێکی بەردەوامی هونەری و رۆشنبیرییە، بۆ ئەوەی گەنجان دەستیان بە دەرفەتی فێربوونی نێودەوڵەتی بگات و هاوکارییە نوێیە هونەرییەکان لەنێوان هونەرمەنداندا دروست ببن."

پەروین چاکار ئاماژەی بەوەش دا، "ئەگەر ئەم راهێنانانە بتوانن تەنانەت بەشێکی بچووکیش لە دەنگ، تەکنیک یان تێگەیشتنی هونەریی گەنجێک پەرەپێبدەن، ئەوا لە داهاتوودا رەنگە ئەو گەنجە ببێتە گۆرانیبێژێکی ئۆپێرا لە شاری خۆی، یان هونەرمەندێک کە ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ نەوەکانی داهاتوو؛ ئەوەش بە گەورەترین دەستکەوتی ئەم هەوڵە هونەرییە دادەنرێت."

ماستەرکلاسی تایبەت بە تەکنیکی دەنگبێژی و ئۆپێرا، لەلایەن پەروین چاکار، خانمە گۆرانیبێژی ناوداری ئۆپێرای کورد، رۆژی یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، لە بەشی موزیکی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

پەروین چاکار، خانمە گۆرانیبێژی ناوداری ئۆپێرای کورد، لە ساڵی 1981 لە ماردینی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە ساڵی 2006 لە ئیتاڵیا دەستی بە خوێندنی ئۆپێرا کرد و ماستەری لە "کۆنزێرڤاتۆری پێرووجیا مۆرلاچی" بەدەست هێنا. بە شێوازی سۆپرانۆ ئۆپێرا دەڵێت و موزیکی ئۆپێرای کلاسیک لەگەڵ گۆرانی و فۆلکلۆری کوردیدا تێکەڵ دەکات. ناوبراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کۆنسێرتی پێشکەش کردووە، خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە، و پڕۆژە و ئەلبوومی هونەریی تایبەتی بە کوردستان پێشکەش کردووە.