ئەمریکا بۆ کوردستان24: پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکەین

"پشتیوانی دیدگای زەیدی دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی عێراق"

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: واشنتن پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز، یەکگرتوو و خۆڕاگر دەکات و بە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقی دادەنێت؛ هاوکات جەختی لە پێویستیی کۆکردنەوەی سەرجەم چەکەکان لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق و دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی کورد لە سووریا و بەردەوامیی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە کردەوە.

شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ماڵپەڕی کوردستان24ـدا هەڵوێستی فەرمیی واشنتنی سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و مرۆییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان، کەرتی غەززە و سووریا خستەڕوو و جەختی لەسەر پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سەروەریی دەوڵەتان، مافی پێکهاتەکان و بەهاناوەچوونی قەیرانە مرۆییەکان کردەوە.

 

پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان و چاوەڕوانییەکان لە حکوومەتی عێراق

سەبارەت بە دۆخی عێراق، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کوردستان24ـی راگەیاند: واشنتن پشتگیری لە دیدگای عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ بونیاتنانی عێراقێکی سەقامگیر و خۆشگوزەران کە خزمەت بە گەلەکەی بکات، هاوکارییە هەرێمایەتییەکان بەهێز بکات و سەروەریی خۆی بگەڕێنێتەوە، لە نێویاندا لە رێگەی خستنەژێر کۆنترۆڵی سەرجەم چەکەکان لە لایەن دەوڵەتەوە؛ هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە "چاوەڕوانین زەیدی ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ بکات."

لە بارەی پێگەی هەرێمی کوردستانەوە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، واشنتن پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز، یەکگرتوو و خۆڕاگر دەکات، کە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی پەیوەندییە فراوانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەمێنێتەوە.

 

سەقامگیریی سووریا و مافی کورد

لە تەوەرێکی دیکەی وەڵامەکەیدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، گوتەبێژەکە تیشکی خستە سەر دۆخی سووریا و رایگەیاند: ئەمریکا پشتیوانی لە سووریایەکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەری دەکات کە تێیدا کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە لە مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان، ئاسایش و بەشدارییەکی کارا و مانادار لە حوکمڕانیدا بێبەش نەکرێن.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانەی کە سەقامگیریی بەردەوام لە سووریا دەهێننە ئاراوە.

 

هەوڵە مرۆییەکان لە غەززە و ئاستەنگەکانی بەردەم گەیاندنی هاوکاری

سەبارەت بە قەیرانی مرۆیی غەززە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونی کردەوە، واشنتن بەردەوامە لە کارکردنی نزیک لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیل، ئەنجوومەنی ئاشتی  (Board of Peace)، وڵاتانی هاوبەش و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیاندنی هاوکارییە ژیانپارێزەکان بۆ ناو غەززە.

گوتەبێژەکە ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەوەی هاوکارییەکی بەرچاو پێشکەش کراوە، بەڵام لەدەستدانی دڵتەزێنی گیانی هاووڵاتییان لەم دواییانەدا ئەوە نیشان دەدات کە هێشتا کاری زیاتر ماوە بکرێت؛ ئاماژەی بەوەش دا، سەرجەم ئەم هەوڵانە بەهۆی بەردەوامیی بوونی چەکداریی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە سەختتر بوون.

 

زیاتر لە 870 ملیۆن دۆلار هاوکاری و دەستکەوتەکانی ساڵی رابردوو

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامەکەیدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 جەختی لە پێشەنگیی وڵاتەکەی لە بەهاناوەچوونی مرۆییدا کردەوە و گوتی: واشنتن گەورەترین بەخشەری وەڵامدانەوەی مرۆییە لە غەززە، بەو پێیەی لە دوای ئاگربەستەوە و بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی ئەنجوومەنی ئاشتی، زیاتر لە 870 ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆیی لە رێگەی لایەنە جێبەجێکارە متمانەپێکراوەکانەوە پەسەند کردووە.

هاوکات راشیگەیاند: کە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان تەوەرێکی سەرەکیی هەوڵە مرۆییەکانی ئەمریکایە لە ئەمساڵدا، هاوشێوەی ساڵانی رابردووی وەڵامدانەوەی قەیرانی غەززە. گوتیشی: "وڵاتەکەی تیمێکی تایبەتمەندی هەیە لەسەر قەیرانی غەززە کار دەکات و پێشینە دەدات بە دابینکردنی بودجە بۆ پەناگە، هاوکاریی خۆراک، ئاو، پاکوخاوێنی و تەندروستیی فریاگوزاری."

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئەو هەوڵانە لە ماوەی ساڵی رابردوودا بوونەتە هۆی بەدیهێنانی دەستکەوت لە سێکتەرە سەرەکییەکاندا؛ بە جۆرێک ئێستا هاوکاریی خۆراک دەگاتە زۆرینەی دانیشتووان لە غەززە، خزمەتگوزارییە تەندروستی و خۆراکییەکان فراوان بوون، هەروەها پاڵپشتییەکان بۆ باشترکردنی ئاو، ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنی زیادیان کردووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی پێشکەوتنی بەرچاو و پێوانەکراو لە ئاسایشی خۆراک، دەرەنجامە تەندروستییەکان و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک، لە پاڵ پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ پەناگەی کاتی.