ترەمپ: کار بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی لەگەڵ ئێران دەکەین

ترەمپ لەبارەی هەڵبژاردنی 2028: ڤانس و روبیۆ نایابن بەڵام رەنگە سوپرایز هەبێت

سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی داهاتووی جەنگی ئێران، کاندیدانی داهاتووی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی 2028، هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی سەر ئێف بی ئای و ئەگەری کارکردنی هاوبەش لەگەڵ دیموکراتەکان خستەڕوو.

شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "Saturday in America" لە کەناڵی فۆکس نیووز راگەیاند، کار بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی دەکات تاوەکوو لە داهاتوودا هیچ سەرۆکێکی دیکەی ئەمەریکا نەتوانێت رێگە بە ئێران بدات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

سەبارەت بە داهاتووی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەش گوتی: "ئێمە پێشتر دوو گرووپ و دەسەڵاتمان لەناو بردووە و ئێستاش مامەڵە لەگەڵ گرووپی سێیەم دەکەین، بۆیە دەکرێت ئەمە بە گۆڕانکارییەکی تەواوەتی لە دەسەڵات ناو ببرێت."

سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ساڵی 2028، ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، کۆمارییەکان خاوەنی چەندان کەسایەتیی لێهاتوون، لەوانە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک و مارکۆ روبیۆ. گوتیشی: "هەردووکیان کارێکی نایاب دەکەن و زۆر خۆشەویستن، بەڵام رەنگە سوپرایزیش هەبێت چونکە کەسانی دیکەی زۆر بەتوانامان هەیە."

ترەمپ ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ زۆرینەی نوێی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس، بەتایبەت لە کەرتی تەندروستی و دانانی سنوورێک بۆ رێژەی سوودی کارتی بانکی (کریدیت کارت) بە رێژەی 10% بۆ ماوەی ساڵێک. ترەمپ پێی وابوو کۆمپانیاکانی کارتی بانکی سوود و کرێیەکی زۆر دەخەنە سەر هاووڵاتییان و رایگەیاند، ئەو کەسێکی واقیعییە و پشتگیریی ئەو هەنگاوە دەکات.

سەبارەت بە هەڵوێستی حەکیم جێفریز، سەرکردەی دیموکراتەکان کە رەتی کردبووەوە لەگەڵ ستیڤن میلەر کار بکات، ترەمپ بەرگریی لە میلەر کرد و بە کەسێکی باش وەسفی کرد، هاوکات ستایشی حەکیم جێفریزی کرد و بە کەسێکی زیرەک و لۆژیکی ناوی برد و هیوای خواست بتوانن پێکەوە کار بکەن، هەرچەندە ئەگەری بەکارهێنانی مافی ڤیتۆیشی بە دوور نەزانی. هەروەها داوای لە کۆمارییەکان کرد کۆتایی بە سیستەمی "فیلیباستەر" بهێنن پێش ئەوەی دیموکراتەکان لە یەکەم دەرفەتدا بیکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە کاردانەوەی هەواڵی هاککردنی ناوەندی نیشتمانیی زانیاریی تاوانەکانی سەر بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەو رووداوە جێگەی نیگەرانییە، بەڵام هیوای خواست لە رێگەیەوە زانیاریی نوێ لەسەر دۆسیەکانی پەیوەست بە رووسیا، ئۆکرانیا و ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن ئاشکرا ببن کە پێشتر نەزانراون.

هاوکات ترەمپ گەشتەکەی بۆ ئاسیا بە سەرکەوتوو وەسف کرد و ئاشکرای کرد کە رێککەوتنی بازرگانییان لەگەڵ کەمبۆدیا و تایلەند واژۆ کردووە و رێگریی لە هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا کۆتایی بە 8 شەڕ هێناوە، هەرچەندە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێ نەدراوە.

ترەمپ باسی لە دۆسیەی یاریزانانی مێژوویی بەیسبۆڵ کرد و جەختی کردەوە، پێت رۆز و رۆجەر کلیمێنز شایەنی چوونە ناو هۆڵی ناودارانن و بەڵێنیشی دا چاو بە دۆسیەی باری بۆندزدا بخشێنێتەوە.