هەولێر: لە 10 مانگدا زیاتر لە 13 هەزار منداڵ لەدایکبوونە

راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پوختەی ئاماری کار و چالاکییەکانی 10 مانگی رابردووی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی فێرکاریی هەولێری بڵاوکردەوە، تێیدا 67 هەزار و 301 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە و 28 هەزار و 77 نەخۆشیش تێیدا خەوێندراون.

شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، لەو ماوەیەدا بە گشتی 13 هەزار و 610 منداڵ لە نەخۆشخانەکە لەدایکبوون. لەم ژمارەیە 8 هەزار و 491 منداڵیان بە شێوەی سروشتی بووە کە 4 هەزار و 265 کوڕ و 4 هەزار و 226 کچن، هەروەها 5 هەزار و 119 منداڵیش بە نەشتەرگەری لەدایکبوون کە 2 هەزار و 685 کوڕ و 2 هەزار و 434 کچن، هاوکات 6 هەزار و 600 منداڵ لە بەشی منداڵە ناکامەکان خەوێندراون.

سەبارەت بە بەشە خزمەتگوزاری و چاودێرییەکانی دیکە، لە ئامارەکەدا هاتووە، 3 هەزار و 673 نەخۆش لە بەشی فریاکەوتن و 301 نەخۆشیش لە بەشی چاودێریی چڕ (ICU) خەوێندراون، لە کاتێکدا 3 هەزار و 86 سەردان لە بەشی بلوورە منداڵ تۆمارکراوە. لە بواری پشکنین و وێنەگرتنی پزیشکیشدا، 255 هەزار و 397 پشکنینی تاقیگە، 59 هەزار و 936 سۆنار و 2 هەزار و 647 تیشک ئەنجام دراون.

لەبارەی ئاماری نەشتەرگەرییەکانەوە، وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لە ماوەی ئەو 10 مانگەدا 327 نەشتەرگەریی بچووک، هەزار و 3 نەشتەرگەریی مامناوەند، 2 هەزار و 905 نەشتەرگەریی گەورە و 2 هەزار و 457 نەشتەرگەریی سەرووی گەورە بۆ نەخۆشان ئەنجامدراون.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، وەزارەتی تەندروستی لەسەر راسپاردە و پشتگیریی بەردەوامی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و تەندروستیی کوالێتیی بەرز بە شێوەی خۆڕایی و بێبەرامبەر بۆ هاووڵاتییان بەردەوامە لە پەرەپێدان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانە گشتییەکان، هاوکات سوپاسی ماندووبوونی سەرجەم پزیشک، پەرستار و کارمەندانی نەخۆشخانەکەی کردووە بۆ خزمەتکردنی بەردەوامی چارەخوازان.