راستەوخۆ؛ چاوپێکەوتنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کەناڵی شەمس
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت: کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکان بووە نەک دژی هیچ لایەنێک، هاوکات دووپاتی دەکاتەوە کە دابەشکردنی 50 بە 50 گوزارشت لە جەوهەری دیموکراسی ناکات و نابێت هەرگیز شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا هەبێت؛ سەبارەت بە بەغداش جەخت دەکاتەوە کە چارەی کێشەکان بە رێزگرتن لە دەستوور و فیدراڵی دەبێت.
شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (شەمس)، هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی ناوخۆیی هەرێم، کاراکردنەوەی پەرلەمان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، هێرشەکانی سەر کوردستان، دۆخی سووریا و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
پێشکەوتنی کوردستان و رەتکردنەوەی دابەشکردن
لە دەستپێکی قسەکانیدا و سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی هەرێم و دەنگۆکانی دابەشکردنی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند: ئەو پێشکەوتنەی لە کوردستان دەبینرێت، بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵ و دەیەی گەلەکەمانە و دەگەڕێتەوە بۆ پێشمەرگەکان، کەسوکاری شەهیدان و هەموو ئەوانەی لەو ساڵانەدا گیانیان بەخت کرد بۆ هێنانەدیی ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، "من هەمیشە خۆم بە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە و بەشێک لەم خاکە دەزانم، رەگمان لەم خاکەدا قووڵە؛ بۆیە هەرچی دەیکەین، بە هەموو دڵم و پاڵپشتیی تیمەکەمەوە و بە تێگەیشتنی خەڵکیش دەیکەین."
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە، کە لەگەڵ ئەم پێشکەوتنەدا، گرنگترین شت ئەوەیە گەلەکەمان لە بەها و پێگەی خۆیان تێبگەن و مافەکانیان وەک نەتەوەیەک و ئەوەی شایستەی چین، بە بیر بهێنرێتەوە. روونیشی کردەوە، کە زۆر دڵخۆشە بەوەی بەدەست هاتووە، بەڵام گرنگترین خاڵ ئێستا ئەوەیە چۆن بتوانرێت دەستکەوتەکان بپارێزرێن.
سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دابەشکردنی کوردستانیش گوتی: بێگومان سەر ناکەوێت، چونکە کەس نە مافی هەیە و نە دەسەڵاتی دابەشکردنی کوردستانی هەیە. کوردستان بەرهەمی شەهیدانمانە، هی پێشمەرگەمان، گەلەکەمان و خۆڕاگریی گەلەکەمانە؛ ماندووبوونێکی زۆرمان بۆ ئەم دەستکەوتانە بینیوە و کەس ناتوانێت کوردستان لەسەر ئارەزووی خۆی یان ئەجێندایەکی گوماناوی دابەش بکات.
کاراکردنەوەی پەرلەمان، پاراستنی دیموکراسی و کۆتاییهاتنی هاوکێشەی 50 بە 50
سەبارەت بە هەبوونی دانوستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هۆکاری کاراکردنەوەی پەرلەمان، مەسرور بارزانی گوتی: هەمیشە هیوا هەیە و ئەوان هەرگیز هیچ دەرگایەکیان دانەخستووە و ئەوەی کردوویانە هەرگیز دژی کەس نەبووە، بەڵام پێی وایە کاردانەوەی یەکێتی زۆر لۆژیکی نەبووە.
روونیشی کردەوە، دوو ساڵ بوو هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرابوو و پەرلەمان نەیدەتوانی کۆببێتەوە بەهۆی ناکۆکی لەسەر پۆستەکان و پێکهێنانی حکوومەت، تا گەیشتە ئەو ئاستەی نەیارەکانیان سکاڵایان بردە دادگای فیدراڵی تا پەرلەمان و حکوومەت هەڵبوەشێنرێنەوە و شەرعییەت بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. لەو قۆناخەدا دوو بژاردەیان لە بەردەمدا بوو؛ یان پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانیان یان رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەی کاردانەوە نالۆژیکییەکانی نەیارەکان. وەک بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و ئەخلاقی بەرامبەر هەموو ئەوانەی بڕوایان بە هەرێمی کوردستان و مافەکانی هەیە و بەرامبەر دەنگدەران کە دەنگیان بە پەرلەمانتاران داوە، هەنگاویان نا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کە دژی هیچ کەسێکی دیکە نەبوو.
گوتیشی: ئەو کاردانەوەیەی بینیمان زیادەڕەوی بوو لە بۆچوونی هەندێک کەس لەسەر ئەوەی کارەکان چۆن بن. شەرعییەتی هەرێمەکەمان و دامەزراوەکانمان پەیوەستە بە پرۆسەی دیموکراسییەوە و لەسەر پێوەر و بۆچوونی تەنیا یەک کەس دانەمەزراوە. ئەوەی کردمان بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و دڵنیابوونەوە بوو لە پاراستنی شەرعییەتی کوردستان؛ مەبەستی ئێمە رەخساندنی کەشێکە تا پەرلەمان کار بکاتەوە و دواتر دانوستان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت دەستپێبکاتەوە و، دەرگاکانمان کراوەن بۆ هەر کەسێک کە باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی و ئاییندەی کوردستان هەبێت.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی بەرگریکردن لە ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم، سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، دیموکراسی و دەستکەوتەکانی گەل دەپارێزن و ئەوەی کردوویانە لە سەرەتاوە ئاسان نەبووە، بۆیە هەنگاوێک پاشەکشە ناکەن لەبەر ئەوەی کەسێک باوەڕی بە دیموکراسی نییە. هاوکات رایگەیاند: "با ڕاستگۆ بین؛ هەڵبژاردنمان کرد و ئەنجامی هەبوو، دەبێت رێز لەم ئەنجامانە بگیرێت. ئەگەر کەسێک ئەو کورسییانەی بەدەست نەهێنا کە چاوەڕێی دەکرد، مانای ئەوە نییە دەبێت تەواوی پرۆسەکە رابگرێت یان پەکی بخات تەنیا لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنێکدا ئەنجامێکی باشی نەبووە. دەبێت ئەنجام قبووڵ بکات و دواتر یان ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانیی پێکهێنانی حکوومەت یان لە ئۆپۆزسیۆندا بمێنێتەوە؛ دیموکراسی لە زۆربەی جیهاندا بەم شێوەیەیە، بەڵام تێڕوانینی 'یان بە قسەی من یان هیچ' قبووڵکراو نییە و خزمەت بە خەڵک ناکات."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە زۆر روون بوو یەکێتی، بەداخەوە، بەو هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ لایەنێکی تردا پێکی هێنا، نەک بە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵکو بە بەکارهێنانی هێز بەرەنگاریان بوونەوە و بە کردەیی پەرلەمانیان پەک خست یان بۆ ماوەی دوو ساڵ بە بارمتەیان گرت و نەیانهێشت کارەکانی بکات.
گوتیشی: سەرەتا کاتێک دوو ساڵ پەرلەمانمان نەبوو، گازندەیان دەکرد پەرلەمان نییە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە؛ ئێستا کە پەرلەمان کارا کراوەتەوە، دیسان گازندە دەکەن و دەڵێن قبووڵی ناکەین و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە. دەبێت بڕیار بدەن ئایا لەگەڵ پرۆسەی دیموکراسیدان یان دژین. هەر ئەوانیش بوون کە هەڵوێستێکی زۆر نەرێنییان بەرامبەر نووسینەوەی دەستووری کوردستان وەرگرت، کە لە دەستووری عێراقیشدا هاتووە دەبێت هەرێم دەستووری خۆی هەبێت؛ بۆیە رێگریکردن لەم دامەزراوە شەرعییانە تەنیا لەبەر ئەجێندای تایبەتی خۆیان لە کاتی نەبوونی دامەزراوەکاندا قبووڵکراو نییە و زۆربەی خەڵکی کورد قبووڵی ناکەن، چونکە شەرعییەت لە دەنگی خەڵکەوە دێت.
سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، مەسرور بارزانی گوتی وەڵامە سادەکە نەخێرە کە هەرگیز دەستپێناکاتەوە. روونیشی کردەوە، هەڵبژاردن چوار ساڵ جارێک بۆ ئەوە دەکرێت براوەیەک هەبێت و ئەوانەشی نەیانبردووەتەوە (بە دۆڕاو ناویان نابات) لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەرفەتیان هەیە.
دووپاتی کردەوە کە دابەشکردنی 50 بە 50 گوزارشت لە جەوهەری دیموکراسی ناکات؛ ئەگەر لایەنێک 50%ـی دەنگەکانی نەبێت ناتوانێت داوای 50%ـی حکوومەت یان دەسەڵات بکات، بەڵام پارتی بە درێژایی ساڵان براوەی هەموو هەڵبژاردنەکان بووە و زۆر سازشکاریش بووە و هەمیشە ئامادە بووە زیاتر بداتە رکابەرەکانی لە پێناو یەکڕیزیی نیشتمانی، ئاشتی و ئاوەدانیدا. بەڵام ئەمجارە بابەتەکە ناکۆکیی دوو حزب نییە، بەڵکو پاراستنی خودی دامەزراوە شەرعییەکان و شەرعییەتی تەواوی هەرێمی کوردستانە.
لەبارەی شەڕی ناوخۆشەوە گوتی: سەرۆک بارزانی هەمیشە گوتوویەتی نابێت هیچ شەڕێکی ناوخۆی کورد هەبێت، بانگەوازی منیش بۆ تەواوی کوردستان ئەوەیە دەبێت خۆمان لە شەڕی ناوخۆ لە ناو کورد، ناوچەکان و حزبەکاندا بەدوور بگرین و نابێت پێشمەرگە رووبەڕووی یەک ببنەوە و شەڕی یەکتر بکەن؛ دەبێت ئەوە تێپەڕێنین کە لەسەر ناکۆکییە سیاسییەکان بە شێوەی سەربازی رووبەڕووی یەک ببینەوە.
وەڵامی دەنگۆکانی سۆشیاڵ میدیا و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاو کرانەوە سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی هەندێک کەس لە هۆتێلەکان، رفاندنی منداڵ و هەڕەشەکردن لە خێزانەکان، سەرۆکی حکوومەت ئەو قسانەی بە 'بێمانا' ناو برد و رایگەیاند: کە زۆر کەس هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر دەنگدەرانیان دەکەن و شەرم دەکەن کە ناتوانن ئەرکی نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا جێبەجێ بکەن.
ئاماژەی بەوە دا، کە جگە لە ئەندامانی پارتی و هاوپەیمانەکانی، ئەندامان لە پارتەکانی دیکەش وەک یەکێتی، نەوەی نوێ و ئەوانی دیکە ویستوویانە بەشداری لە دانیشتنی پەرلەماندا بکەن و کارای بکەنەوە و ببنە خاوەنی شەرەفی رزگارکردنی دامەزراوەکە و، ستایشی کارەکەیانی کرد و گوتی: لە ژێر هیچ فشارێکدا نەبوون.
جەختیشی کردەوە، راستییەکە تەواو پێچەوانەی دەنگۆکانە؛ چونکە لایەنەکانی دیکە بوون کە خەڵکیان بێزار دەکرد تا نەیەنە پەرلەمان، ئەندامانی خێزانیان دەگرتن و هەڕەشەی لێکەوتەی توندیان لێ دەکردن، و کاتێکیش نەیانتوانی رێگری لە تەواوبوونی نیسابی یاسایی بکەن، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەتە هەرزان و بێمانایانە کرد بۆ داپۆشینی شکستیان، لە کاتێکدا هەموو بەشداربووانی دانیشتنەکە بە بڕیار و پشتیوانیی تەواوی خۆیانەوە هاتبوون.
لە وەڵامی پرسیاری سازشکردنیشدا بۆ بەرەوپێشبردنی هەرێم، مەسرور بارزانی گوتی: بابەتەکە پەیوەندیی بە کەسایەتیی ئەوەوە نییە بەڵکو پەیوەستە بە پرۆسەی دیموکراسی و رێزگرتن لە ئیرادەی گەل کە بڕیار دەدەن چ حکوومەت و ئاییندەیەکیان دەوێت.
ئاشکرای کرد، کە رایانگەیاندووە ئامادەن زۆر بەخشندە و نەرم بن لە پێشنیازەکانیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکان و هەموو براوەکانی پەرلەمان، بەڵام هەموو شتێک سنووری هەیە و دەبێت لە چوارچێوەیەکی گونجاو و لەسەر بنەمای رێزگرتن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بێت. هیواشی خواست لەو ماوەیەی لە بەردەستدایە بتوانن بەبێ گرژیی ناپێویست ڕێگەیەکی ئاشتییانە بدۆزنەوە و ئەوانیش بێنەوە سەر خۆیان و باوەڕیان بەوە هەبێت یەکڕیزیی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموواندایە، بەڵام پرۆسەکە ناوەستێت ئەگەر کەسێک نەیەوێت بە شێوەیەکی لۆژیکی مامەڵە بکات.
پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، فیدراڵیزم و عەلی زەیدی
مەسرور بارزانی سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا روونی کردەوە، کە عێراق بە پێی دەستوور وڵاتێکی فیدراڵییە و کوردستان خاوەنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانە و وەک چۆن ئەرکی هەیە، مافی دیاریکراویشیی هەیە کە دەبێت رێزیان لێ بگیرێت. کێشەی سەرەکیی بۆ 'عەقڵییەتی هەندێک کەس' گەڕاندەوە کە هێشتا لە فیدراڵیزم تێناگەن یان قبووڵی ناکەن و دەستوور وەک پاکێجێک جێبەجێ ناکەن، بەڵکو بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی مامەڵە لەگەڵ ماددەکاندا دەکەن.
جەختیشی کردەوە کە فیدراڵیزم دابەشبوون نییە بەڵکو دابەشکردنی بەرپرسیارێتییە؛ کاتێک دەستووری عێراق نووسرا، هەرێمی کوردستان پێشتر قەوارەیەکی سەربەخۆی دیفاکتۆ بوو، بەڵام بە ویستی خۆی هەڵیبژارد ببێتە بەشێک لە عێراقێکی فیدراڵی بەو باوەڕەی کە بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش وڵاتێکی باشتر بنیات دەنێن کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزرێت و هیچ نەتەوە، پارت یان گرووپێکی مەزهەبی باڵادەست نەبێت بەسەر کەمینەکاندا.
گوتیشی: کاتێک هێزێکی باڵادەست بیەوێت بچووکت بکاتەوە یان لە بەرزاییەوە سەیرت بکات، کاردانەوە دروست دەبێت و، ئەوەی لە مێژوو فێر نەبێت مەحکوومە بە دووبارەکردنەوەی؛ بۆیە باشترین شت بۆ عێراقی ئەمڕۆ رێزگرتنە لە دەستوور و فیدراڵیزم و کارکردنی پێکەوەیی.
لەبارەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، عەلی زەیدی، مەسرور بارزانی گوتی: بابەتەکە هەرگیز پەیوەندیی بە کەسایەتییەوە نییە و رێزێکی زۆریان بۆ سەرۆکوەزیران زەیدی و هەموو سەرۆکوەزیرانەکانی دیکە هەیە، بەڵکو پەیوەستە بە مافەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق و چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانەوە.
دووپاتی کردەوە، کە تەواوی پاڵپشتییان داوەتە سەرۆکوەزیران زەیدی بەو هیوایەی بگەنە رێککەوتن و دۆخێکی باشتر بۆ تەواوی وڵات بڕەخسێت؛ هەرچەندە تا ئێستا کێشەکان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، بەڵام ئامانجیان روونە کە پشتگیریکردنی سەرۆکوەزیرانێکە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکات و رێز لە مافەکانی هەرێم بگرێت.
نوێ دەکرێتەوە..