وێستگەکانی دابەشکردنی گازی ماڵان و ئۆتۆمبێل لە سلێمانی جیاکرانەوە
بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان، لیژنەی دابەشکردنی گازی سلێمانی وێستگەکانی دابەشکردنی گازی ماڵان و ئۆتۆمبێلی لەیەکتر جیاکردەوە، بەڵام هێشتا لە بەشێک لە وێستگەکان نۆرەگرتن و قەرەباڵخی بەردەوامە.
عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی گازی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیاری جیاکردنەوەی وێستگەکانی دابەشکردنی گازی ماڵان بە بوتڵ و گازی ئۆتۆمبێل لە پێناو نەهێشتنی قەرەباڵخیدا بووە، کە تێیدا چوار وێستگە بۆ گازی ئۆتۆمبێل و حەوت وێستگەش بۆ گازی ماڵان تەرخان کراون.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەرای ئەو رێکارە، لە دوو وێستگە قەرەباڵخی و نۆرەگرتن دروست بووە، کە پێدەچێت بەهۆی شوێنی جوگرافیی وێستگەکانەوە بووبێت، هاوکات دابەشکردنی گاز بەسەر پاسەکاندا بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەچووە و لە رۆژی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە تێبینی و کەموکوڕییەکانیان دیاری کردووە بۆ ئەوەی چارەسەریان بکەن.
سەبارەت بە زیادکردنی بەشە گازی رۆژانە، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی گازی سلێمانی جەختی کردەوە کە رێژەی گاز زیاد ناکەن و تەنیا میکانیزمی دابەشکردنەکەی رێکدەخەنەوە، دڵنیاییش دەدات کە هیچ قەیران و کێشەیەک لە دابەشکردنی گازدا دروست نابێت.
داواش لە هاووڵاتییان دەکات بەیانیان زوو نەچنە وێستگەکانی دابەشکردنی گاز، چونکە وێستگەکان دوای کاتژمێر 9ـی بەیانی دەکرێنەوە.
بە گوێرەی ئامارەکان، 22 کارگەی بەرهەمهێنانی گاز لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەن؛ لە وەرزی هاویندا رۆژانە حەوت هەزار بوتڵ گاز دابەش دەکرێت و لە وەرزی زستان و سەرماشدا ئەو رێژەیە بۆ نزیکەی 200 هەزار بوتڵی رۆژانە بەرز دەبێتەوە.