لە شەشەمین هەفتەدا لە سەرانسەری فەرەنسا دەیان هەزار کەس خۆپیشاندانیان کرد

خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا؛ وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت 82 هەزار و 500 کەس و ڕێکخەرانیش دەڵێن 150 هەزار کەس بەشدار بوون

رۆژی شەممە بۆ شەشەمین هەفتەی لەسەر یەک دەیان هەزار کەس لە شارەکانی فەرەنسا خۆپیشاندانیان کرد، هاوکات نزیکەی 70 هەزار کارمەندی ئەمنی لە سەرانسەری وڵات بڵاوەیان پێ کرا و لە چەند شارێکدا گرژی دروست بوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی شەممەدا 82 هەزار و 500 کەس لە سەرانسەری وڵات بەشدار بوون کە 21 هەزار و 500 کەسیان لە پاریس بوون، ئەمەش بەراورد بە هەفتەی پێشوو کە 106 هەزار کەس بووە 24 هەزار لە پاریس، دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

لە بەرامبەردا، رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان رایانگەیاند، 150 هەزار کەس لە سەرانسەری فەرەنسا و 45 هەزار کەسیش لە پاریس بەشدار بوون، کە بەراورد بە 200 هەزار کەسی هەفتەی رابردوو و 800 هەزار کەسی یەکەمین خۆپیشاندانی 17ی تشرینی یەکەم، کەمی کردووە.

خۆپیشاندەران بۆ داواکردنی باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەرزکردنەوەی داهات، دابینکردنی خانووبەرەی گونجاو و بارودۆخی باشتری خوێندن، هەروەها دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی گرانی، نایەکسانی و توندوتیژیی پۆلیس رژانە سەر شەقامەکان.

لە پاریس، خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی ریپوبلیکەوە بەرەو گۆڕەپانی ناسیۆن رێپێوانیان کرد و سەندیکاکان، پارتە چەپەکان، رێکخراوەکانی قوتابییان، رێکخراوەکانی مافی کرێنشینان و بزووتنەوەی "هێلەک زەردەکان" کە یادی هەشتەمین ساڵیادی سەرهەڵدانیان لە تشرینی دووەمی 2018 دەکەنەوە، تێیدا بەشدار بوون. بە گوێرەی رۆژنامەی لو فیگارۆ، دوای گەیشتنی کاروانی سەرەکیی خۆپیشاندانەکە بۆ گۆڕەپانی ناسیۆن، گرژی سەری هەڵدا.

لە لافیتەکاندا دروشمی وەک دەمەوێت بژیم، نەک تەنیا بمێنمەوە و نا بۆ مۆڵەتی کوشتن بەرز کرابوونەوە؛ دروشمی دووەم کاردانەوەیەک بوو دژی ئەو یاسایەی رۆژی هەینی پەرلەمانی فەرەنسا پەسەندی کرد و پاراستنی زیاتر دەداتە پۆلیس لە کاتی بەکارهێنانی چەکدا.

مانۆن مۆرێ، سکرتێری گشتیی یەکێتیی قوتابییانی (Unef) گوتی: لە ژمارەیەک وڵاتدا گەنجان بە هەمان دۆخی ناسەقامگیریدا تێدەپەڕن؛ دەبێت لە نێوان هەبوونی سەرپەنایەک، چارەسەری پزیشکی و تێرکردنی سکی خۆتدا یەکێکیان هەڵبژێریت. ئاڤریل باسی تەمەن 27 ساڵیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: ئەگەر ئاگامان لە گەنج و قوتابییەکانمان بێت، سبەینێیەکی نایابمان دەبێت؛ هەفتەی داهاتوو و هەر کاتێک پێویست بێت لێرە دەبین.

بە هۆی بڵاوەپێکردنی نزیکەی 70 هەزار پۆلیس و جەندەرمەوە، خۆپیشاندانەکان لە زۆربەی شارەکان بە گشتی هێمنانە بوون، بەڵام لە چەند شارێکدا گرژی و پێکدادان دروست بوو:

سەرباری قەدەغەکردنی خۆپیشاندان لە ناوچەیەکی فراوانی ناوەڕاستی شارەی لیۆن، چەندین رێپێوانی بێ مۆڵەت هەوڵیان دا بگەنە ناوەڕاستی شار و بە گوتەی پەیامنێرێکی فرانس پرێس، پۆلیس بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی پێ کردن.

لە مارسێلیا پۆلیس ژمارەی بەشداربووانی بە 4 هەزار و 600 کەس خەمڵاند کە تێیدا هێزێکی زۆر و دوو ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆری سەنتۆر بڵاوەیان پێ کرابوو؛ کاروانەکە بووە دوو بەش و بەشێکی بووە خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت، پۆلیسیش گازی فرمێسکڕێژی بەکار هێنا و بە گوتەی ئاژانسی رۆیتەرز توندوتیژیی پچڕپچڕ ڕووی دا.

لە لیل نزیکەی 5 هەزار کەس کۆبوونەوە و لەگەڵ ئۆرکێسترایەکدا گۆرانییان گوت.

لە پەراوێزی هەندێک خۆپیشانداندا ئۆتۆمبێل و سەتڵی خۆڵ سووتێندران، و لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا هۆشداریی دابووە دەسەڵاتە ناوچەییەکان کە وریای گرووپە نەیارەکانی هێزەکانی پۆلیس بن. بە گوێرەی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە پشتی بە شایەتحاڵیی راستەوخۆ و پارێزەر و رێکخراوەکان بەستووە، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە لە ناوەڕاستی ئەیلوولەوە لانیکەم 31 کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە سەختی بریندار بوون، لە کاتێکدا سەندیکا و چالاکوانان داوای خۆپیشاندانی زیاتریان لە هەفتەکانی داهاتوودا کردووە.

لە هەمان چوارچێوەدا، رۆژی هەینی لە زیاتر لە 20 وڵاتی ئەورووپی، لەوانەش ئیسپانیا، پورتوگال، ئەڵمانیا و یۆنان خۆپیشاندان دژی گرانی، قەیرانی خانووبەرە، دۆخی خوێندن، خەرجیی سەربازی و قەیرانی کەشوهەوا بەڕێوە چوو، و رۆژی شەممەش لە پورتوگال خۆپیشاندان کرا.