تێلێگرام لە هەرێمی کوردستان رادەگیرێت
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: نووسراوێکی فەرمیی حکوومەتی عێراقیان سەبارەت بە راگرتنی کاتیی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام پێ گەیشتووە و ئەمڕۆش داواکارییەکەی بەغدایان ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە هەرێم کردووە.
یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا بۆ رای گشتی، ئاشکرای کرد، لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمەوە لە بەغدا، نووسراوێکی فەرمیی حکوومەتی فیدراڵیان سەبارەت بە راگرتنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام پێ گەیشتووە.
بە پێی راگەیەندراوەکە، لە نووسراوەکەی بەغدادا روون کراوەتەوە کە ئەم بڕیارە بۆ راگرتنی کاتیی ئەپلیکەیشنەکەیە، ئەویش بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی نایاسایی کە هەڕەشەن دژی ئاسایشی نیشتمانی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، و هەروەها بڵاوکردنەوەی گوتاری توندوتیژی و رقوکینە.
وەزارەتی گواستنەوە، باسی لەوە کردووە، بڕیارە ئاماژەپێدراوەکەی حکوومەتی عێراق دەرفەتی داوەتە ئەو کۆمپانیایەی ئەپڵیکەیشنەکە بەڕێوە دەبات کە لە ماوەی 30 رۆژدا پابەندی یاسا و رێنماییەکانی حکوومەت بێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێم دووپاتی کردووەتەوە، ئەمڕۆ بە نووسراوێکی تایبەت داواکارییەکەی حکوومەتی فیدراڵی ئاراستەی گشت کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت کردووە، بە تایبەتی ئەوانەی مۆڵەتپێدراوی وەزارەتەکەن لە هەرێمی کوردستان، تا بەپێی یاسا و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا کاری پێویست ئەنجام بدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، لەسەر راسپاردەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە پێدراوەکانی فەرمانی یاسادانانی ژمارە 65ـی ساڵی 2004، هەموارکراو بە فەرمانی ژمارە 100، بڕیاری داخستنی ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامی لە عێراق دا.
دەستەکە روونی کردبووەوە، کۆمپانیای بەڕێوەبەری تێلێگرام رێکاری پێویستی بۆ چارەکردنی ناوەڕۆکە نایاساییەکانی سەر پلاتفۆرمەکە نەگرتووەتە بەر و پابەندی یاساکانی عێراق نەبووە، هەر ئەمەش وای کردووە ئەم رێکاری رێکخستنەی بەرانبەر بگیرێتەبەر و ماوەی 30 رۆژی پێ بدرێت تا دۆخی یاسایی خۆی رێک بخاتەوە.
هەروەها چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەری ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی: زۆر دڵتەنگ و نیگەرانم بۆ گەلی عێراق، کە ئەپڵیکەیشەنەکە بۆ جارەی دووەمە لەمساڵدا رادەگیرێت.
دامەزرێنەری ئەپڵیکەیشنی تێلێگرام دووپاتی کردبووەوە، کە ئەوان بە هیچ جۆرێک چاودێریی ناسەپێنینە سەر ئازادیی رادەربڕینی سیاسی.
ئەپڵیکەیشنی تێلیگرام
ئەم ئەپڵیکەیشنە لە ساڵی 2013، لە لایەن پاڤێل دورۆڤ و نیکۆلای دورۆڤی برای دامەزرا.
پاڤێل دورۆڤ پێشتر دامەزرێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی بەناوبانگی رووسی (VK) بوو، بەڵام لە ساڵی 2014 بەهۆی رەتکردنەوەی داواکارییەکانی حکوومەتی رووسیا بۆ پێدانی زانیاریی خۆپیشاندەرانی ئۆکرانیا، وڵاتەکەی جێهێشت و بنکەی سەرەکیی تێلیگرامی گواستەوە بۆ شاری دوبەی لە ئیمارات.
تێلیگرام بە خێرایی گەشەی کرد و ژمارەی بەکارهێنەرانی مانگانەی یەک ملیار کەسی تێپەڕاندووە و رۆژانە نزیکەی 500 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە.