تەنیا لە 18 رۆژدا لە عێراق نزیکەی نۆ هەزار داواکاری بۆ تۆمارکردنی چەک پێشکەش کراون

دوو هاووڵاتی عێراقی خەریکی کڕینی چەکن
دوو هاووڵاتی عێراقی خەریکی کڕینی چەکن

سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان و پەیوەندیی حکوومی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، جەختی لە بەردەوامیی رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ رێکخستنەوەی هەڵگرتنی چەک و تۆمارکردنی داواکاریی هاووڵاتییان کردەوە؛ راشیگەیاند، زۆرترین داواکارییەکان لە بەغدا تۆمار کراون.

سەعد مەعن، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییە گشتییەکان و پەیوەندیی حکوومی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دووپاتی کردەوە، ئەو رێکارانەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ رێکخستنی هەڵگرتنی چەک و تۆمارکردنی داواکاریی هاووڵاتییان بەپێی رێسا و رێنماییە پەسەندکراوەکان جێبەجێیان دەکات بەردەوامن، بە جۆرێک کە دەسەڵاتی یاسا بەهێز بکات و پشتیوانیی ئاسایش و سەقامگیری بکات.

فەریق مەعن روونی کردەوە، کۆی گشتیی داواکارییەکانی تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان لە ماوەی نێوان 3 تا 20ـی تشرینی دووەمی 2026، گەیشتووەتە 8,742 داواکاری، کە بەسەر ژمارەیەک فەرماندەیی پۆلیسدا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دابەش بوون.

بە گوتەی سەعد مەعن، زۆرترین داواکاری لەم فەرماندەییانەی پۆلیس تۆمار کراون:

 - فەرماندەیی پۆلیسی رەسافەی بەغدا: 2,027 داواکاری.

 - فەرماندەیی پۆلیسی کەرخی بەغدا: 1,177 داواکاری.

 - فەرماندەیی پۆلیسی دیالە: 801 داواکاری.

 - فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە: 638 داواکاری.

 - فەرماندەیی پۆلیسی زیقار: 610 داواکاری.

سەعد مەعن ئاماژەی بەوەش دا، بەشەکەی دیکەی داواکارییەکان بەسەر فەرماندەییەکانی پۆلیسدا لە پارێزگاکانی بابل، سەڵاحەددین، میسان، واست، دیوانییە، ئەنبار، کەرکووک، نەجەف، موسەننا، کەربەلا و نەینەوا دابەش بوون؛ ئەمەش رەنگدانەوەی فراوانبوونی مەودای جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە و بەردەوامیی بەدەمەوەهاتنی هاووڵاتییانە لە پارێزگا جیاوازەکاندا.

لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە کە رێکخستنی هەڵگرتنی چەک هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەمای هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی پاراستنی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگە.