میسر: چارەسەری سەربازی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران کاریگەریی وێرانکەری دەبێت

وەزیری دەرەوەی میسر هیوای خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا دەربڕی و هۆشداریی دا کە چارەسەری سەربازی کاریگەریی وێرانکەرتری لەسەر ناوچەکە دەبێت و لەوەی پێشوو مەترسیدارتر دەبێت.

یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لەبارەی ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان واشنتن و تاراندا، گوتی: بە هیواین بگەنە رێککەوتن، چونکە دووبارە چارەسەری سەربازی کاریگەریی وێرانکەرتری لەسەر ناوچەکە و وڵاتانی ناوچەکە دەبێت و دەکرێت لەوەی پێشووش مەترسیدارتر بێت.

وەزیری دەرەوەی میسر باسی لەوەش کرد ئێستا هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن و لەگەڵ وڵاتانی گرووپی (R4) کار دەکەن کە پاکستان، سعوودیە، تورکیا و میسر لەخۆ دەگرێت، هاوکات رۆژانە لەگەڵ قەتەریشدا هاوئاهەنگی دەکەن لە هەوڵێکدا بۆ گەڕانەوە سەر مێزی دانوستان.

ناوبراو گوتیشی: بڕوام وایە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ، گەیشتن بە رێککەوتن و سازان هەیە. هەندێک جار کێشەکە نەبوونی متمانەی هاوبەشە، بۆیە کار لەسەر رێکارەکانی دروستکردنی متمانە دەکەین تا بەرەو گەیشتن بە رێککەوتن هەنگاو بنێین.

وەزیری دەرەوەی میسر دووپاتیشی کردەوە بڕوای وایە بەرژەوەندییەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو و یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد، گوتیشی بڕوای وایە بەدیهێنانی ئەوە شیاوە.