ترەمپ: رێککەوتن نەکرێت، دوای سەری ساڵ هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێدەکەنەوە

سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، مەیلی ئەوەی هەیە دوای سەری ساڵی نوێ هێرشەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە ئەگەر هیچ رێککەوتنێک نەکرێت، هاوکات داوای لە خۆپیشاندەرانی ناوخۆی ئێران کرد لە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام بن.

یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، لەبارەی ململانێی بەردەوامی نێوان واشنتن و تارانەوە رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران هێشتا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوامن، بەڵام هیچ نیشانەیەک نییە ئێران لەم قۆناخەدا ئامادەی گەیشتن بە رێککەوتن بێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئێرانییەکانی بە سەماکاری پیشەگەر ناو برد و گوتی: ئەوان بەردەوام قسە دەکەن، هەموو ئەوەی دەیکەن تەنیا قسەکردنە، بەڵام هەمووی قسەی بێبنەمایە. هەروەها بە فۆکس نیوزی راگەیاند، ئێران ئێستا لە پێش هەڵبژاردنەکان شەڕانگێزترە.

لەبارەی ئەگەری تاقیکردنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، ترەمپ گوتی هیوادارە ئەو کارە بکەن و هۆشداریی دا کە ئەگەر کەشتییەکانی ئێران هەوڵی تێپەڕاندنی گەمارۆ دەریاییەکە بدەن، هێزەکانی ئەمەریکا تەقەیان لێ دەکەن و وەک بەشەکانی دیکەی هێزی دەریایی ئێران هەموویان دەکەونە بنی دەریاوە.

سەبارەت بە خۆپیشاندانە نوێیەکانی ناوخۆی ئێرانیش، ترەمپ گوتی بەشێک لە ڤیدیۆکانی بینیوە و داوای لە خۆپیشاندەرانی ئێران کرد لە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام بن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ فۆکس نیوز، سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە رۆڵی قەتەر کرد لە گواستنەوەی پەیامەکان لە نێوان واشنتن و تاراندا، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەکرێت لە رێگەی دانوستانەوە بگەنە چارەسەرێک یان نا.

شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، تا داواکارییەکانی تاران جێبەجێ نەکرێن، پرسی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز لە ئارادا نابێت، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ و بەرگریکردن لە خۆی دووپات کردەوە.

 کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: تاران بە شێوەی راستەوخۆ و ئۆنڵاین لەگەڵ نێوەندگیرەکان و بە تایبەت قەتەرییەکان کە شەوی رابردوو شاندێکی ئەو وڵاتە سەردانی تارانی کردووە و دوو کاتژمێر گفتوگۆیان کردووە، تا بزانن ئایا دەرفەتێکی دیکە بە دیپلۆماسی دەدرێت یان نا، سوپاسی هەوڵەکانی قەتەریشی لەو بارەیەوە کرد.

لەبارەی گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: ئێمە ئەو گەمارۆ ئابوورییەی سەپێنراوە بە کردەوەیەکی جەنگی دادەنێین و هەر هەنگاوێک پێویست بێت بۆ شکاندنی دەیگرینە بەر.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیش، ئاشکرای کردبوو، هێشتا هیچ دانوستانێک دەستیپێنەکردووە تا بچنە ناو وردەکارییە تەکنیکییەکان و بابەتە جیاوازەکانەوە، و گوتی: ئەگەر دانوستانێک بکرێت ئەوا وردەکارییە تەکنیکییەکانیش تاوتوێ دەکرێن. هاوکات دووپاتی کردەوە هەڵوێستی سەرەکیی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەیە مادە پیتێنراوەکان بە هیچ شێوەیەک لە وڵات نابرێنە دەرەوە، چونکە بە گوتەی ئەو ناردنەدەرەوەیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆ کێشە دروست دەکات.