ئێران پەردە لەسەر سەکۆیەکی نوێی هەڵدانی مووشەک لادەدات

ئێران پەردەی لەسەر سەکۆیەکی نوێی هەڵدانی مووشەک لادا و فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەش جەختیان لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە.

شەممەی رابردوو، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، سەکۆکە توانای هەیە دوو مووشەکی بەرهەمهاتوو بە سووتەمەنیی رەق لە یەک کاتدا هەڵبدات. تەلەفزیۆنەکە دیمەنی ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی و بۆشاییی سوپای پاسدارانی لە کاتی بەسەرکردنەوەی بنکەیەکی مووشەکیی ژێرزەویدا پیشاندا.

ئەو دوو بەرپرسە سەربازییە بە ئۆتۆمبێلێکدا لە ناو تونێلێکی درێژدا گەڕان، لە هەردوو لایەوە مووشەک و سەکۆی هەڵدان و کەرەستەی دیکەی سەربازیی لێ ریزکرابوو. وەحیدی گوتی: "ئەو زیانەی بەر دوژمنەکە کەوتووە تەنیا سەرەتایە و شایەتیی سەرشۆڕییان دەبین."

لە بەرامبەردا مووسەوی رایگەیاند، تواناکانیان لە ماوەی دوو جەنگی رابردوودا پەرەیان سەندووە. مووسەوی روونیکردەوە، چەکە بەهێزەکانیان توانای ئەوەیان هەیە ترس بخەنە دڵی دوژمن.

ئەم ئاشکراکردنە چەند مانگێک دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت، بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 28ـی شوبات دەستیپێکرد و بەهۆیەوە عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران کوژرا. تاران لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا چەند وڵاتێکی کردە ئامانج لەنێویاندا وڵاتانی کەنداو هەبوون و هاوپەیمانی واشنتنن.

رێککەوتنێکی ئاگربەست لە نیساندا کۆتایی بە نزیکەی 40 رۆژ لە بۆردومانی چڕ هێنا، بەڵام رێککەوتنەکە لە ماوەی هاویندا هەڵوەشایەوە و لەو کاتەوە ئاڵوگۆڕی هێرشەکان بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بەردەوامە. سەرەتای ئەم مانگەش ئێران پەردەی لەسەر بنکەیەکی نوێی مووشەکیی ژێرزەوی لادا کە مووشەکی بالیستی و مووشەکی کروز و سەکۆی هەڵدانی لەخۆگرتبوو.