ئەنجوومەنی وەزیران دەنگۆکانی تایبەت بە کۆبوونەوەکانی فالح فەییاز رەتدەکاتەوە

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی لە لایەن هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە هەرێمی کوردستان بڵاو کراونەتەوە، ناڕاست، هەڵبەستراون و هیچ بنەمایەکیان نییە؛ جەختیشی کردەوە کە کۆبوونەوەکان تایبەت بوون بە چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا.

یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە، دوێنێ لە میانی سەردانەکەی فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ هەرێمی کوردستان، دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئەنجام داوە.

بە پێی روونکردنەوەکە، لەو دیدار و کۆبوونەوانەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کراوە، بە تایبەتی دۆسیەکانی بودجە، نەوت و دەروازە سنوورییەکان.

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا، رەخنەی لە هەندێک دەزگای راگەیاندن گرتووە کە دەنگۆی ناڕاست و هەڵبەستراویان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بڵاو کردووەتەوە و، دووپاتی کردووەتەوە کە ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە و لە راستییەوە دوورن.

سەرۆکایەتییەکە جەختی لەوە کردەوە، بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەوە، هەموو لایەک لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە پێویستە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە رێگەی گفتوگۆ، لێکتێگەیشتنی هاوبەش و لە چوارچێوەی دەستووردا چارە بکرێن.