ئیستانبوڵ.. دەستبەسەرداگرتنی میدیاکانی ئۆپۆزیسیۆن ناڕەزایەتی لێکەوتەوە

لە شاری ئیستانبوڵی تورکیا، هەزاران کەس لە دژی بەردەوامیی رێکارە توندەکان بەرامبەر میدیاکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن و دەستبەسەرداگرتنی کەناڵی "سۆزجو" خۆپیشاندانیان کرد و داوای ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەرییان کرد.

رۆژی یەکشەممە، هەزاران کەس لە شاری ئیستانبوڵ خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان ئەنجام دا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر زیادبوونی فشار و رێکارەکانی حکوومەت دژی میدیاکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن. ئەم خۆپیشاندانە دوای چەند رۆژێک دێت لە هەڵکوتانە سەر بارەگای کەناڵی "سۆزجو" (Sözcü) و گرووپە میدیاییەکەی لەلایەن پۆلیسەوە، کە تێیدا ژمارەیەک کارمەند دەستگیر کران و قەییوم (سەرپەرشتیاری حکوومی) بۆ بەڕێوەبردنی کەناڵەکە دانرا.

خۆپیشاندانەکە لەسەر بانگهێشتی پارتی نوێ "یەنی پارتی"، کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە، رێکخرابوو. خۆپیشاندەران لە گەڕەکی بێشیکتاشەوە بەرەو کەناراوەکانی گەرووی بۆسفۆر رێپێوانیان کرد و لافیتەیەکی گەورەیان بەرزکردبووەوە کە لەسەری نووسرابوو: "ئازادیی بیرکردنەوە، ئازادیی رۆژنامەگەری و ئازادی بۆ رۆژنامەنووسانمان دەوێت".

دەستبەسەرداگرتنی کەناڵی سۆزجو نوێترین هەنگاوی دەسەڵاتدارانی تورکیایە دژی میدیای ئۆپۆزیسیۆن، دوای ئەوەی پێشتریش دەستیان بەسەر کەناڵەکانی "تێلێ 1" (Tele 1)، کەناڵی "هاڵک تی ڤی" (Halk TV) کە پڕبینەرترین کەناڵی هەواڵییە لە تورکیا، هەروەها ماڵپەڕی هەواڵیی "تی 24" (T24)ـدا گرتبوو.

بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بەرتەسکبوونەوەی پانتایی ئازادی و دەنگە رەخنەگرەکان دەربڕی. 

بەگوێرەی ئامارەکانی "کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە لە میدیا و یاسا" کە بەرگری لە مافی رۆژنامەنووسان دەکات، لە کاتی ئێستا 25 رۆژنامەنووس لە زیندانەکانی تورکیادا دەستبەسەرن.