کوردستان فاوندەیشن جیهان لە هەولێر کۆدەکاتەوە
کوردستان فاوندەیشن "لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان" رێکدەخات و زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە 47 وڵاتەوە کۆدەکاتەوە.
بڕیارە لە رۆژانی سێشەممە، 24ی تشرینی دووەم تا پێنجشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2026، یەکەم لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت.
لووتکەکە لە ژێر دروشمی "نەخشاندنی داهاتوو" بەڕێوەدەچێت و لە لایەن "کوردستان فاوندەیشن"ـەوە رێکخراوە.
لووتکەکە زیاتر لە 800 گەنج و نوێنەر لە هەرێمی کوردستان، عێراق و 47 وڵاتی جیهانەوە لەگەڵ وەزیران، بەرپرسانی حکوومی، سەرمایەداران، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوبەشان، قسەکەران و سەرکردە گەنجەکانی ناوچەکە و جیهان لەسەر یەک سەکۆ کۆدەکاتەوە.
گەنجان لە چەقی بڕیاردان و پێنج بوارە سەرەکییەکەدا
بەپێی کارنامەی فەرمیی لووتکەکە، لە لووتکەی جیهانیی لاوان - کوردستان 2026ـدا گەنجان تەنیا ئامادەبوو نین، بەڵکوو دەخرێنە چەقی گفتوگۆکانەوە و خۆیان پانێڵەکان بەڕێوەدەبەن، شان بە شانی وەزیران دادەنیشن و بەشداری لە داڕشتنی پێشنیازی سیاسەتی راستەقینەدا دەکەن.
سەرجەم دانیشتنەکان لە چوارچێوەی پێنج بواری سەرەکیدا رێکخراون کە لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی درێژخایەنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەگونجێن، لەوانە گۆڕانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد، پەروەردە و لێهاتووییەکان بۆ داهاتوو، کەشوهەوا و گەشەپێدانی درێژخایەن، داهاتووی کار و تەکنەلۆژیا، هەروەها هەلی کاری سەوز، سەرکردایەتی و هاوکاریی نێودەوڵەتی.
بە گشتی لە ماوەی سێ رۆژەی لووتکەکەدا، شەش پانێڵی گفتوگۆ بە بەڕێوەبردنی گەنجان، شەش گوتاری سەرەکیی سەرکردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، 10 مێزی گفتوگۆ لە نێوان گەنجان و وەزیراندا، 12 وۆرکشۆپ و واژۆکردنی چوار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچن.
رۆژی یەکەم: کردنەوەی فەرمی و پانێڵی گەنجانی خوار 30 ساڵ
رۆژی یەکەمی لووتکەکە، کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی سبەی سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، بە فەرمی دەست پێ دەکات. لەم رۆژەدا وەزیران، بەرپرسان، سەرمایەداران و گەنجان لە هەرێمی کوردستان، کەنداو، باکووری ئەفریقا و ئەوروپاوە لەسەر یەک سەکۆ کۆدەبنەوە.
لە بەرنامەی رۆژی یەکەمدا چوار گوتاری سەرەکی و شەش پانێڵی گفتوگۆ بەڕێوەدەچن، کە بەڕێوەبەرانی هەموو پانێڵەکانی رۆژی یەکەم گەنجانی خوار تەمەنی 30 ساڵن. پانێڵەکان ئەو پرسیارانە تاوتوێ دەکەن کە گەنجان لە برییاندایە، لەوانە چۆن کورسییەک لەسەر مێزی بڕیار بکرێتە کاریگەریی راستەقینە، ئایا سەرکردە بە سەرکردە لەدایک دەبێت یان دروست دەکرێت، کام ناوچانە جیهانی داهاتوو دادەڕێژن، سەرمایەداران چۆن دەتوانن هێزی ئابووریی ناوچەیی بونیاد بنێن و دیارترین دەنگە کاریگەرەکانی ئەمڕۆ چی فێری نەوەیەکی نوێ دەکەن.
بەشی دوای نیوەڕۆش بە پانێڵێکی تایبەتی ئاستبەرز دەست پێ دەکات.
رۆژی دووەم: "10 گرفت 10 چارەسەر" و 12 وۆرکشۆپ
رۆژی دووەمی لووتکەکە، رۆژی چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەدەچێت کە لەسەر بناخەی "10 گرفت 10 چارەسەر"ـی کوردستان فاوندەیشن بونیاد نراوە. ئەم پڕۆگرامە لە شوباتی 2026ـەوە دەستی پێ کردووە و بیرۆکەی گەنجان دەکاتە چارەسەری راستەقینە بۆ گرفتەکانی کۆمەڵگە، کە تاکوو ئێستا 90 گرفتی کۆمەڵگەی لە هەولێر چارەسەر کردووە و سوودی بە زیاتر لە 40,000 کەس گەیاندووە.
10 گەنجی "ئەنجامدەر" لەگەڵ ئەو وەزیرانەی بەرپرسن لە کەرتە جیاوازەکانی گرفتە دەستنیشانکراوەکان و شارەزایانی نێودەوڵەتی، لە دەوری 10 مێزی وەزاری دادەنیشن، لە کاتێکدا پێشتر لێکۆڵینەوە و راپرسی لەسەر هەموو گرفتەکان کراوە و هاوکات "گەلەری چارەسەرەکان" دەکرێتەوە. تا کۆتایی ئەم بەشە، هەر مێزێک یەک پێشنیازی سیاسەتی گشتی یەکلایی دەکاتەوە، بەمەش بە گشتی 10 پێشنیاز کە لەگەڵ گەنجان نووسراون نەک بۆیان نووسرابێت، پەسەند دەکرێن.
پاش نیوەڕۆش لە ناوەندی لاوان (Youth Hub) 12 وۆرکشۆپ لە دوو خولدا و لە هەر خولێک شەش وۆرکشۆپ رێکدەخرێن.
رۆژی سێیەم: گفتوگۆی باخچە، راگەیەنراوی گەنجان و چوار یاداشتنامەی نێودەوڵەتی
لە رۆژی کۆتایی لووتکەکەدا، رۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026، چوار یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشانی نێودەوڵەتی واژۆ دەکرێن، کە دەرگای نوێ بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە لە رێگەی پڕۆگرامەکانی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی گەنجان، راهێنان، بەهێزکردنی توانا و پڕۆگرامی هاوبەشەوە، بۆ ئەوەی سێ رۆژەکەی هەولێر ببێتە هەوێنی هاوکارییەکی درێژخایەن دوای تەواوبوونی لووتکەکەش.
هەر لە رۆژی سێیەمدا، بە وردی تیشک دەخرێتە سەر پڕۆژەکانی دەستپێشخەریی "10 گرفت 10 چارەسەر" و گەنجە بەشداربووەکان دەناسێنرێن.
کوردستان فاوندەیشن: سەکۆی پێشەنگایەتیی گەنجان
کوردستان فاوندەیشن تۆڕێکی رێکخراوەیی ناحکوومییە، لە ساڵی 2024 لە لایەن ئارین مەسرور بارزانییەوە دامەزراوە و کار بۆ بەهێزکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکات لە رێگەی سێ کۆڵەکەی سەرەکییەوە: "نیشتیمانیبوون، بونیادنان، پێشکەوتن".
ئارین مەسروور بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوندەیشن، لە پەیامێکدا بۆ لووتکەکە رایگەیاندووە، "کوردستان دەرگاکانی بە رووی لاوانی جیهاندا دەکاتەوە، نەک تەنیا وەک میوان، بەڵکوو وەک هاوبەش لە نەخشاندنی داهاتوودا".