سیپان شێروانی: مووچەکانی مانگی 11 و 12 گەرەنتیکراوە

وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی داوەتە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و گەرەنتی کراوە.

ئەمرۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەبارەی بودجەی 2027 هیچ بابەتێکی نوێ نییە، چونکە رەشنووسەکە نەچووەتە ئەنجوومەنی وەزیران تا دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر بۆ پەسەندکردن رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

سیپان شێروانی روونیکردەوە، تێبینی زۆریان لەسەر رەشنووسەکە هەیە و ئێستا دەرفەت لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە رەشنووسی بودجەدا بکرێت، چونکە ئەو داواکاری و مەرجانەی بۆ هەرێمی کوردستان دانراون، نادەستوورین، بەتایبەت لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکان.

شێروانی گوتی "زۆر گرنگە لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا یەکدەنگ بن، لایەنی سیاسی هەیە پۆستی باڵای لەسەر حسابی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، لەجیاتی ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی کورد بدات، هەوڵی دابەشکردن و لەتکردنی هەرێمی کوردستان دەدات".

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، شێروانی روونیکردەوە "وەزیری دارایی عێراق پێی گوتم، مووچەی مانگەکانی 11 و 12 زامنە و دەیاننێرێت".

لەبارەی نەوتی سپیش، شێروانی ئاشکرایکرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام پێویستە ئەو مافەی گەلی کوردستان لە کاتی خۆی و بە نرخی گونجاو بگات. شێروانی ئەوەشی خستەڕوو، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ زەیدی، لەگەڵ وەزیری نەوت کۆبوونەتەوە و پێی گوتوون، ئێستا کۆگاکانیان کەمیکردووە و هەرکات بڕی بەرهەمهێنان زیاد بوو، نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن.

ئەمڕۆ، ئەرکان عەلی وەک یەکەم قایمقامی قەزای خورماڵ دەستبەکاربوو. دوای رێوڕەسمی دەستبەکاربوونەکە، ئەرکان عەلی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەرنامەی لەپێشینەمان خزمەتکردنی خەڵکی خورماڵ و بنیاتنانی یەکە ئیدارییەکانی سنوورەکە دەبێت".