ئەرکان عەلی وەک یەکەم قایمقامی خورماڵ دەستبەکار بوو

ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەرکان عەلی وەک یەکەم قایمقامی خورماڵ دەستبەکاربوو.

ئەرکان عەلی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرنامەی کاری لەپێشینەیان خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خورماڵ، بنیاتنانی یەکە کارگێڕییەکانی سنوورەکە، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەیە.

هاوکات ئەرکان عەلی گوتیشی "ئەمڕۆ بۆ خورماڵ، ناوچەکە، هەروەها پارێزگای هەڵەبجە رۆژێکی مێژووییە."

قایمقامی نوێی خورماڵ جەختیکردەوە، لە داهاتوودا هەوڵەکانیان بۆ پێشخستنی سنوورەکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان چڕ دەکەنەوە.

خورماڵ یەکێکە لە ناوچە دێرین و ستراتیژییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و دەروازەیەکی گرنگە بەرەو ناوچەی هەورامان، کە پێشتر وەک ناحیە سەر بە قەزای ناوەندیی هەڵەبجە بوو.  لە 30ـی تەممووزی 2023 فەرمانی دەستپێکردنی رێکارە کارگێڕییەکان بۆ بەقەزاکردنی خورماڵ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوو، و لە 9ـی ئایاری 2024 مەرسوومی هەرێمی بۆ هێنانەکایەوەی قەزاکە واژۆ کرا.

سەبارەت بە رێکارەکانی دیاریکردنی قایمقام، بەپێی یاسای کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان، پڕکردنەوەی ئەم پۆستە لەسەر پێشنیازی پارێزگار و دواتر دەرچوونی فەرمانی فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆوە دەبێت، بەتایبەت لە پارێزگای هەڵەبجە کە بەهۆی نەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگاوە، رێکارەکان لە رێگەی لێکتێگەیشتنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و رەزامەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە یەکلایی دەکرێنەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا و دوای تەواوبوونی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، ئەمڕۆ ئەرکان عەلی وەک قایمقامی قەزای خورماڵ بە فەرمی دەستبەکار بوو. چاوەڕوان دەکرێت دەستبەکاربوونی قایمقامی نوێ ببێتە هەنگاوێکی سەرەکی بۆ تەواوکردنی هەیکەلی کارگێڕیی قەزاکە، کردنەوەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و برەودان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و بازرگانی لە سنوورەکەدا.