عێراق دوو فڕۆکەی سەدام حوسێن دەفرۆشێت
هێڵی ئاسمانیی عێراقی دوو فڕۆکەی جەمبۆی کۆن کە لە ساڵی 1991ـەوە لە توونس ماونەتەوە، بە نرخی 900 هەزار دۆلار بۆ هەر یەکێکیان دەخاتە زیادکردنی ئاشکراوە؛ کە بەشێکیان پەیوەستە بە فڕۆکەی تایبەتی سەردەمی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراق، بە ناوی "قادسیە".
بەغدا (کوردستان24) – هێڵی ئاسمانیی عێراقی دوو فڕۆکەی کۆنی جۆری "بۆینگ 747"ـی جەمبۆی خستووەتە زیادکردنی ئاشکراوە، کە بەشێکیان تایبەت بۆ سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق دروست کرابوون و نرخی هەر فڕۆکەیەکی بە 900 هەزار دۆلار دیاری کراوە؛ یەکێک لەو فڕۆکانە مێژوویەکی تایبەتی هەیە و بە ناوی "قادسیە" ناسراوە.
فڕۆکەی قادسیە لە ساڵی 1982 وەک فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ سەدام حوسێن دروست کراوە و ژووری نووستنی تایبەت، هۆڵی کۆبوونەوە و هۆڵێکی دانیشتنی شاهانەی لەخۆ گرتووە. ئەم جۆرە فڕۆکەیە زۆر دەگمەنە و تەنیا 45 دانەی لێ دروست کراوە.
لە 1ی کانوونی دووەمی 1991 و پێش دەستپێکردنی جەنگی کەنداو، هەردوو فڕۆکەکە بۆ پاراستنیان لە مەترسییەکانی جەنگ، گوازرانەوە بۆ فڕۆکەخانەیەک لە توونس و لەو کاتەوە نەگەڕێندراونەتەوە. بە درێژایی ساڵانی جەنگ، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و رووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003، فڕۆکەکان لەوێ ماونەتەوە و بۆ ماوەی نزیکەی 36 ساڵە لە هەمان فڕۆکەخانە جێگیر کراون.
هێڵی ئاسمانیی عێراقی ئاماژەی بەوە کردووە کە فڕۆکەکان "وەک ئەوەی ئێستا هەن" دەفرۆشرێن، بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەک بدرێت کە توانای فڕینیان هەیە، هاوکات کڕیار بەرپرسیار دەبێت لە تەواوی تێچووەکانی گواستنەوە، باج و گومرگ.
عێراق پێشتریش، لە ساڵانی 2010 و 2023، هەوڵی داوە فڕۆکەکان بە نیوەی نرخی ئێستا بفرۆشێت، بەڵام هیچ کڕیارێک نەبووە. پێشکەشکردنی داواکاری بۆ کڕینی فڕۆکەکان لە 21ی مانگی 12ـی ئەمساڵ دەست پێ دەکات.