خواردنەوە کحولی ساختە تەنگی بە دانیشتووانی سێ شاری ئێران هەڵچنیوە

بە خواردنەوەی کحول و مەی ساختە، لە سێ شاری ئێراندا، پێنج کەس مردن و 150 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانە خەوێندران.

میدیاکانی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، بڵاویانکردووە، لە شارەکانی شیراز، نەیشابوور و مەروە دەشت، بەهۆی خواردنەوە ماددە کحولییە دەستکردەکان بە ماددەی مێتانۆل، پێنج کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 150 کەسیش رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، لەنێویاندا تەندروستی ژمارەیەکیان ناجێگیرە و مەترسیی مردن یان کوێربوونیان لەسەرە.

بە گوێرەی زانیارییەکان زۆرینەی ژەهراویبوونەکە بەهۆی مەی ساختە لە شاری نەیشابوور بووە، کە ژمارەیان 120 کەس بووە، بەڵام بەهۆی خراپی تەندروستییانەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیش کەوتووەتە دۆخی کۆما، هەروەها 11 کەس لە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردان، 18 کەسی دیکەش بەهۆی خراپی تەندروستییانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی مەشهەد کراون، تەنیا 16 کەس دوای تێپەڕاندنی مەترسییە تەندروستییەکان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

هەروەها لە هەردوو شاری شیراز و مەروەدەشت، لە پارێزگای فارس، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا نزیکەی 30 کەس بە ماددەی کحولی ساختە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و چوار کەسیشیان لە بەشی چاودێریی چڕدان.

بە گوێرەی پشکنین و شیکارە تەندروستییەکان، بەهۆی قاچاخ و نایاساییبوونی مەی و ماددە کحولییەکان لە ئێران، خەڵکانیك لە ژێرزەمینەکاندا بە تێکەڵکردنی ماددەکان هەوڵی دروستکردنی مەی و شەرابی دەستکرد دەدەن، بەڵام لە بری ماددەی ئیتانۆل، ماددەی مێتانۆل بەکار دەهێنن، کە ماددەیەکی مەترسیدار و کوشندەیە، بۆیە داوا دەکەن بازاڕە ژێرزەمینی و قاچاخچییەکان لەناو ببرێن، بۆ ئەوەی رێگری لە مردن و ژەهراویبوونی خەڵک بگیرێت.