سوپای ئێران تێکشکاندنی درۆنێکی ئەمریکیی لە جۆری لوکاس راگەیاند

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێرێک لەمەوبەر درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری لوکاس لە لایەن هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە پێکراوە و تێک شکێنراوە.

دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران، ئەو درۆنە پەیوەندییە گشتییەکانی سوپا بە دوژمنی دەستدرێژکاری ئەمریکی ناوی بردووە لە رێگەی سیستەمە خۆماڵییەکانی هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوپاوە و لە ژێر کۆنترۆڵی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتدا، بەسەر ئاوەکانی کەنداوی فارس و لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمزدا پێکراوە و تێک شکێنراوە.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، هەڕەشە و پەلامارەکانی نێوان تاران و واشنتن تا دێت زیاتر روو لە زیادبوون دەکات، واشنتن داوای ملکەچی تەواوەتی لە تاران دەکات، لە بەرامبەرادا ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ چەند مەرجێکی دیاریکردووە.

لەو بارەیەوە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانی خۆیدا سەقامگیرە و ئەگەر لایەنی بەرامبەریش مەرجە پەیوەندیدارەکان رەچاو بکات، لە کەمترین کاتدا پابەندییەکانی جێبەجێ دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی، پابەندبوونی هاوکات بە بەڵێنەکان و مەرجەکان، نیشاندەری جددیبوونی تارانە لە پاراستنی مافەکانی خۆیدا. هاوکات ئەگەر ئەمریکا پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، لە کەمترین کاتدا ئاسایش بۆ گەرووی هورمز و ناوچەکە دەگەڕێتەوە.

بەقایی جەختیکردەوە، ئێران بە ئاگادارییەکی تەواوەوە لە داواکاری و مافەکانی گەل، لەم رێگەیەدا پاشەکشە ناکات و ئاڵۆزییەکانی بابەتەکەش لەبەرچاو دەگرێت. روونیشیکردەوە ئەو مەرجانەی خراونەتەڕوو، داواکاریی نائاسایی یان پێشمەرجی نوێ نین، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاون لە مافەکانی گەلی ئێران، لەوانەش هەڵگرتنی سزا نایاساییەکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی کە لە تێگەیشتنی 18ـی حوزەیران لە ئیسلامئاباددا لەلایەن لایەنی ئەمریکییەوە پەسەند کراوە.

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی قەوقاز، بەقایی رایگەیاند، ئەم بابەتە تەنیا لە چوارچێوەی وەزارەتی دەرەوەدا نییە، بەڵکو پرسێکی حاکمییەتییە، سەرجەم بەشە پەیوەندیدارەکانیش بە وردی چاودێریی دەکەن و لە ئەگەری پێویستدا رێکاری گونجاو دەگرنەبەر.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتیشی، هەڵوێستی بنەڕەتیی تاران لە پشتیوانیکردن لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و کردنەوەی رێڕەوەکانی هاتوچۆ لە قەوقازی باشووردا نەگۆڕاوە. هەروەها ئێران و ئەرمینیا گرنگیی پەیوەندییە دێرینەکانیان دەزانن، کە ریشەی لە هەزاران ساڵ مامەڵە و پێکەوەژیانی هەردوو گەلدا هەیە.