بە بەشداری زیاتر لە 800 کەسایەتی و لاو لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، لووتکەی جیهانی لاوان بە میوانداریکردنی زیاتر لە 800 بەشداربوو لە 47 وڵاتی جیهان و ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، لە هەولێر دەست بە کارەکانی دەکات. 

د. مەریوان حەسەن، راوێژکاری ستراتیژی لە کوردستان فاونده‌یشن بەکوردستان24ـی گوت: ئەم لووتکەیە یەکێکە لەو لووتکە جیهانییانەی کە بە خۆشحاڵییەوە کوردستان فاونده‌یشن ئەنجامی دەدات، بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان لاوانی هەرێمی کوردستان و لاوان لە ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی بتوانرێت دەرفەتەکانی پەیوەندی، کاری هاوبەش و داهاتووی گەنجان باشتر بکرێت. هەروەها ئامانج لێی رەخساندنی دەرفەتە بۆ بەشداریکردنی لاوان لە ئێڤێنتە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی ئەو پەیوەندییانەی کە لە رێگەیانەوە هەلی کار بۆ گەنجان بەدەست بهێنرێت و تواناکانیان بەرز بکرێنەوە.

راوێژکاری ستراتیژی کوردستان فاونده‌یشن ئاماژەی بەوەش کرد کە لووتکەی جیهانی لاوان لە ژێر ناونیشانی (نەخشاندنی داهاتوو) ئەنجام دەدرێت، واتە لاوان چۆن بتوانن بەشدار بن لە نەخشاندنی داهاتووی خۆیان و لە بڕیارداندا دەنگیان هەبێت و خۆیان لەسەر چارەنووسی خۆیان بڕیار بدەن.

سەبارەت بەو دەرفەتانەی ئەم کۆبوونەوە فراوانە بۆ هەولێر و سەرجەم لاوانی کوردستانی دەڕەخسێنێت، دکتۆر مەریوان حەسەن جەختی کردەوە کە ئەمە دەرفەتێکی زۆر زێڕینە لە سەرجەم رووەکانەوە؛ بەو پێیەی لاوان ئەمڕۆ خاوەنی دەنگی خۆیانن، لەگەڵ سەرکردەکان کۆ دەبنەوە، لە نزیکەوە دیالۆگ و گفتوگۆ دەکەن، لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان دادەنیشن، باسی بارودۆخی لاوان دەکەن و لەیەکتر تێدەگەن.

ئەو روونیشی کردەوە کە میوانە بەشداربووەکانی ئەو 47 وڵاتە لە ئاستی باڵادان، لەوانە وەزیر و ئەمینداری گشتی کاروباری وڵاتان، ئەکادیمیستان و کەسانی پسپۆڕ لە ئاستی داڕشتنی ستراتیژی. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لە دوای لووتکەکەوە هەنگاو بنرێت بۆ زانینی پێداویستی و ویستە تایبەتەکانی لاوان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، چونکە هەر توێژێکی کۆمەڵگا ویست و داواکاری خۆی هەیە و گرنگترینیان لاوانن کە ویست و ئارەزوو و داواکارییەکانیان پێویستی بە وەڵامدانەوە هەیە، ئەم لووتکەیەش بەشێک دەبێت لە وەڵامدانەوە و وەڵامگۆی داواکاری لاوان لە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی چۆنیەتی بەستنەوەی گفتوگۆ گشتییە نێودەوڵەتییەکانی لووتکەکە بە کێشە راستەقینەکانی لاوانی ناوخۆ، بە تایبەت لە رێگەی دەستپێشخەری «10 کێشە 10 چارەسەر» کە لە شوباتی 2026 دەستی پێکردووە و بڕیارە لە رۆژانی لووتکەکەدا بە وردی کاری لەسەر بکرێت و هەڵبسەنگێنرێت، دکتۆر مەریوان حەسەن وتی: سەرجەم ئەو کێشانەی پەیوەندیدارن بە لاوانەوە لەم لووتکەیەدا باسیان لێوە دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەکان دابەش دەبن بەسەر 2 جۆر بابەتدا؛ یەکەمیان ئەو کێشە و گرفتانەن کە لێکەوتە و کاریگەرییان لەسەر لاوان هەیە، دووەمیشیان ئەو کێشە و گرفتانەن کە لاوان دەستیان لە چارەسەرکردنیاندا هەیە و دەتوانن چارەسەریان بکەن، جیاکردنەوە و ناسینی ئەم بابەتانەش ئامانجی سەرەکی لووتکەکەیە.

سەبارەت بە دڵنیابوونەوە لەوەی ئەنجامی ئەم 3 رۆژە تەنها لە چوارچێوەی کۆبوونەوە و وتار و راسپاردەدا نەمێنێتەوە و لە رێگەی پڕۆژەی هاوبەشی بەردەوام لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو «تۆڕی هیوا» کاری لەسەر بکرێت، راوێژکاری ستراتیژی کوردستان فاونده‌یشن دووپاتی کردەوە کە ئامانجی ئەوان تەنها کۆکردنەوەی لاوان نییە لە هۆڵێکدا بۆ ئەنجامدانی لووتکە یان کۆڕبەندێک، بەڵکو دەیانەوێت ئەنجامێکیان هەبێت و کوردستان بێبەش نەبێت لە مەحفەلە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.

ناوبراو ئاشکرای کرد کە کوردستان فاونده‌یشن بە خۆشحاڵییەوە ئەندامە لە تۆڕی نێودەوڵەتی (تۆڕی هیوا)، هەروەها لە میانەی لووتکەکەدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتان واژۆ دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پەیوەندی دروستکردن و یاداشت واژۆکردنە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی لووتکەکە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی لاوان دەبێت، بە شێوەیەک لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی لاوان بە واقعی دەبینرێت. هەروەها باسی لەوە کرد کە کارەکانی لووتکەکە لە 5 سێکتەری جیاوازدا بەڕێوەدەچن و لە هەر سێکتەرێک پانێڵ، گفتوگۆ و دانیشتنی جیاواز لەگەڵ بەرپرساندا هەیە، ئەمەش وا دەکات لووتکەیەکی کاریگەر و بەرهەمدار بێت.

لە تەوەرێکی دیکەدا، سەبارەت بە بنەما و پێوەرەکانی هەڵبژاردنی ئەو لاوانەی لە 47 وڵات، ناوخۆی کوردستان و عێراقەوە بەشدارییان کردووە، دکتۆر مەریوان حەسەن روونی کردەوە کە سەرجەم بەشداربووان لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەوانە هەڵبژێردراون کە لە کۆی پڕۆسەی لاواندا بەشدارن. لەوانە: ئەو لاوانەی بەشێکن لە داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژی، ئەو لاوانەی لە زانکۆکان دەخوێنن و لە بواری لاواندا کار دەکەن، ئەوانەی پۆڵەسییان بۆ لاوان داڕشتووە، یان لە وڵاتەکانی خۆیاندا بەشێک بوون لە چارەسەرکردنی پرسی لاوان و خاوەنی دەستپێشخەری، پێشنیار و راسپاردەن بۆ داهاتووی لاوان. دووپاتیشی کردەوە کە بەشداریکردنەکە مەبەستدار بووە و هەڵسەنگاندن بۆ هەمووان کراوە و لە بەرزترین ئاستی وڵاتانەوە بەشدارن.

سەبارەت بە کاریگەریی ئامادەبوونی خودی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکردە و بڕیاربەدەستان و وەزیرەکان لە پاڵ لاواندا بۆ گەیشتنی دەنگی لاوان و پشتگیریکردنی کار و چالاکییەکانیان، راوێژکاری ستراتیژی کوردستان فاونده‌یشن رایگەیاند، ئەمە وەڵامدانەوەی ئەو راستییەیە کە هەمیشە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتوویەتی «لاوان داینەمۆ و بزوێنەری پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگان». گرنگیدانی راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەت و دەستپێشخەریی ڕاستەوخۆی ئارین بارزانی سەلمێنەری خەمخۆرییانە بۆ لاوان، چونکە لاوان یەکێکن لە توێژە گرنگەکانی کۆمەڵگا و ئەگەر بە شێوەیەکی دروست ئاراستە نەکرێن، دوور نییە بەرەو ئاراستەیەکی خراپ هەنگاو بنێن. بۆیە لە رێگەی ئەم لووتکەیەوە رێگە دروستەکە دەگیرێتەبەر، و ئامادەبوونی گەورە دەسەڵاتداران لە سەرۆکی حکوومەت و ئارین بارزانییەوە تا وەزیرەکان، سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە خەمخۆری داواکارییەکانی لاوانە.