وتاری ئارین بارزانی لە لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، یەکەم لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەرێمی کوردستان، ئارین بارزانی، دامەزرێنەری کوردستان فاوەندەیشن، تێیدا بەخێرهاتنی گەنجانی کوردستان و سەرانسەری جیهان و میوانانی وڵاتانی عەرەبیی بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد.

دەقی وتاری ئارین بارزانی؛

میوانانی بەڕێز، هاوڕێیان و دۆستانی خۆشەویست، گەنجانی بەڕێزی کوردستان و ئەوانەی لە سەرانسەری جیهانەوە هاتوون بۆ بەشداریکردن لەم لوتکەیە؛ بەخێربێن بۆ هەولێری پایتەختی کوردستان. زۆر خۆشحاڵم کە لە یەکەمین لووتکەی جیهانیی لاوان لێرە لە کوردستان کۆبووینەتەوە.

هەزاران ساڵە کوردستان مەڵبەندی پێکهاتە و کولتوور و شارستانیی جیاواز بووە. لە ماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا، گەلی کوردستان رووبەڕووی سەردەمێک بووەتەوە کە شەڕی لەپێناو مانەوەی کردووە. بەڵام سەرباری ئەو هەموو سەختییانە، هەرگیز خواست و ئیرادەی بەهێزی خۆی بۆ بەردەوامبوون و پێشکەوتن لەدەست نەداوە. ئێمەی کورد هەمیشە ئومێدمان بە داهاتوویەکی باشتر هەبووە و لە پێناویدا، بە سەرکردایەتیی رابەری باڵای گەلەکەمان جەنابی سەرۆک بارزانی و تێکۆشان و قوربانیدانی پێشمەرگە، لە هەوڵدان بەردەوام بووین.

بۆیە دەمەوێت لێرە بە جەنابی سەرۆک بارزانی بڵێین:

جەنابی سەرۆک بارزانی، خۆری ئاسمانی کوردستان،
لە تۆ فێربووین کە راستگۆ بین، خاوەنی بەڵێن و پەیمان.
شوێنپێکانت چرامانە، مێژووی تۆ ناسنامەمانە،
سۆز و بەڵێنت پێدەدەین، ڕێبازەکەت رێگامانە.
ئاشکرایە باش دەزانن، بێ جەنابت مێژووش نییە،
حیکمەتێک لای حەکیم نەبێ، دڵنیابن لای کەس نییە.

ئیشاڵا سەرۆک هەر ساغ بیت و دوژمنی تۆ هەر سەرشۆڕ بن.