عەزیز ئەحمەد: گەنجان چەقی چاکسازییەکانی حکوومەتن

عەزیزی ئەحمەد: گەنجان پێشەنگی پڕۆژە نوێیەکانی کوردستانن

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی تسرینی دووەمی 2026، لە پانێڵێکی تایبەت بە گەنجان و داهاتووی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن دامەزراوەی کوردستان فاوەندەیشن رێکخرابوو، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆڵی گەنجانی لە ناوەندەکانی بڕیار و پڕۆژە چاکسازییەکاندا خستە روو. ئاشکرایکرد، نزیکەی 750 کەس لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران کار دەکەن و تێکڕای تەمەنیان لە نێوان 26 بۆ 30 ساڵدایە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێژەی گەنجان لە تیمی سەرۆکوەزیران، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند؛ نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت بووەتە نموونەیەکی بچووک بۆ ئەو فۆرمە حوکمڕانییەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بچەسپێنێت. هەروا تایبەتمەندیی سەرەکی بۆ تیمەکەیان دیاریکرد: "پێدانی دەسەڵات بۆ کارکردنی ئازادانە، بوێریی رەخنەگرتن و رووبەڕووبوونەوەی بیرۆکە کۆنەکان، هەروەها پشتبەستن بە داتا و توێژینەوەی زانستی بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەی چاکسازی."

هاوکات عەزیز ئەحمەد داوای لە ئامادەبووان و گەنجان کرد لەبری پێداهەڵدان، رەخنە لە قسەکەران بگرن و پرسیاری جددی لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان و گەنجان بکەن. ئەو جەختیکردەوە، سەرۆکوەزیران دەستی تیمی خۆی کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی بێسنوور لەسەر ئاڵنگارییەکان.

سەبارەت بە کەرتی پەروەردە، عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بە بوونی ئاڵنگارییەکی راستەقینە کرد بۆ پێگەیاندنی نەوەی داهاتووی سەرکردەکان و هۆکارەکەی بۆ سێ خاڵ گەڕاندەوە: گۆڕانکاری و گەشەی بەردەوامی کەرتی تایبەت بەگوێرەی پێداویستییە نوێیەکان، راوەستانی دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا بۆ زیاتر لە 10 ساڵ، هەروەها جیاوازیی بنەڕەتی لەو کارامەییانەی کە بازاڕی کار و کەرتی تایبەت ئەمڕۆ لە گەنجانی داوا دەکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەشداریی گەنجان لە پڕۆژە خزمەتگوزاری و دیجیتاڵییەکانی وەک رووناکی و هەژماری من، عەزیز ئەحمەد ئاشکرایکرد، زیاتر لە 600 گەنج لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا لەو بەرنامانەدا کار دەکەن و تێکڕای تەمەنیان 26 ساڵە.

لە کۆتاییدا عەزیز ئەحمەد دووپاتیکردەوە، لە پرۆسەی دامەزراندندا بە هیچ شێوەیەک پاشخانی سیاسی، ئایدیۆلۆژی، یان نەتەوەیی رەچاو ناکرێت. هەروەها گوتی: "دیدگای سەرۆکوەزیران ئەوەیە کە دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا تەنیا لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێت و هیچی دیکە؛ گەنجانیش چەقی سەرەکیی ئەم بەرنامەیەن."