لە چۆمان زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێت
سبەی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە قەزای چۆمان، سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەست پێ دەکات.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی چۆمان 600 پارچە زەوی لە رێگەی خاڵبەندی و تیروپشکەوە بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەدا دابەش دەکرێت.
ئەم پرۆسەیە قۆناخی سێیەمی دابەشکردنی زەوییە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران. خەسرۆ ئیسماعیل روونیکردەوە، لە قۆناخەکانی داهاتوودا دابەشکردنی زەوی لەو شارەوانییانەی دیکە بەردەوام دەبێت کە نەخشە و زەوییان بۆ دیاری کراوە، ئەمەش بۆ گشت ئەو فەرمانبەرانەیە کە شایستەی وەرگرتنی زەوین و مەرجەکانیان تێدایە.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.