رێبەر ئەحمەد: پابەندی هیچ بڕیار و رێنماییەک نابین کە پێچەوانەی دەستوور بێت

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، راگەیەنراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی بە جێگەی پرسیار و سەرسوڕمان ناو برد و؛ جەختی کردەوە کە بە هیچ بڕیار و یاسایەک پابەند نابن کە پێچەوانەی دەستوور بێت، هاوکات دووپاتی کردەوە کە کێشەکان بە گفتوگۆ و دەستوور چارە دەکرێن نەک بە راگەیەنراو و هەڵوێست.

سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق جێگەی پرسیار و سەرسوڕمان بوو، لە کاتێکدا ماوەیەکی دوورودرێژە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر زۆر پرس لە گفتوگۆدان؛ جەختیشی کردەوە کە نەدەبوو گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەو راگەیەنراوە بڵاو بکاتەوە و دەبوو ئەم بابەتە لە رێگەی دەستوورەوە چارە بکرێت.

وەزیری ناوخۆ باسی لەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر زۆر پرس لە گفتوگۆدان و تا رادەیەکیش لەسەر چارەکردنی بەشێک لە کێشەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن.

 ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا لەسەر چەندین بابەت رێککەوتنیان هەیە و لەسەر بابەتی دەروازە سنوورییەکانیش رەنگە ئەم هەفتەیە یان هەفتەیەکی دیکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەکلا ببێتەوە.

ڕێبەر ئەحمەد گوتی: "ئێمە کۆنووسێکی هاوبەشمان هەیە کە لە لایەن وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراقەوە واژۆ کراوە و لە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراقیش پەسەند کراوە، کەچی ئەمە چەندین مانگە ئەم کۆنووسە نابرێتە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و پەسەند ناکرێت؛ کەواتە ئەو لایەنەی رێگرە لەوەی ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ بکرێن، هەرێمی کوردستان نییە."

گوتیشی: ئێمە پاڵپشت بە دەستوور و رێککەوتنی سیاسی و بەرنامەی حکوومەتەکان، ئامادە بووین هاوکاریی حکوومەتی عێراق بکەین؛ بە تایبەت لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا بە ئەرکی خۆمان هەستابووین و چەندین کەسمان دەستگیر کردبوو کە لە لایەن سەرۆکوەزیران و دەستەی دەستپاکیی عێراقەوە داواکراو بوون."

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئەوان ئامادەن بۆ چارەکردنی هەر کێشەیەک لە رێگەی گفتوگۆ و دەستوورەوە، بەڵام چارەکردنی کێشەکان لە رێگەی راگەیەنراو و هەڵوێستەوە ناکرێت."

نوێ دەکرێتەوە..