هەیبەت حەلبووسی داوای چارەکردنی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا دەکات
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات کێشەکانیان لە رێگەی دەستوور و دادگای باڵای فیدراڵییەوە چارە بکەن؛ هاوکات جەخت لە پابەندبوونی پەرلەمان بە پەسەندکردنی بودجەیەکی بەرنامەیی دادپەروەر دەکاتەوە.
سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێکدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییە و ئەو گرژییە میدیاییەی لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لەسەر ژمارەیەک دۆسیە سەری هەڵداوە، داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخەنە سەرووی هەموو شتێکەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە ناکۆکییەکان لە چوارچێوە دەستووری و یاساییەکاندا چارە بکەن.
هەیبەت حەلبووسی ئاماژەی بەوە دا، پێویستە هەر ناکۆکییەک ببرێتە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی، بەو پێیەی ئەو دادگایە بەگوێرەی ماددەی 93ـی دەستوور ئەرکی لێکدانەوەی دەقە دەستوورییەکان و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکانی لە ئەستۆدایە، هەروەها بەپێی ماددەی 94ـی دەستوور، بڕیارەکانی بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندکەرن.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە کە دەستوور بەرزترین و باڵاترین یاسای وڵاتە و سەروەریی بەسەر کاری سەرجەم دەسەڵاتەکاندا هەیە، جا چ لەسەر ئاستی فیدراڵی بێت، یان هەرێمی، یان خۆجێیی.
هەیبەت حەلبووسی روونیشی کردەوە، پابەندبوون بە دەستوورەوە بژاردەیەکی سیاسی نییە تاوەکوو بخرێتە ژێر سازشکردنەوە، بەڵکو ئەرکێکی ناچاری و پابەندکەرە بەسەر هەمووانەوە بەبێ جیاوازی.
هاوکات حەلبووسی جەختی لەوە کردەوە، پەرلەمانی عێراق پابەندە بە پەسەندکردنی بودجەیەکی بەرنامەیی دادپەروەر و هاوسەنگ، کە مافی هەمووان دەستەبەر بکات و دادپەروەری لە دابەشکردنی سەرچاوە و سامانەکاندا لە نێوان سەرجەم رۆڵەکانی گەلی عێراق بەبێ جیاکاری بەدیبهێنێت.