ترەمپ: رێژەی گواستنەوەی نەوت بە گەرووی هورمز لە پێش جەنگ زیاترە

سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی گوتارێکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئێران هیچ سوپا و هێزێکی دەریایی و ئاسمانی نەماوە و ئێستا زیاتر لە پێش دەستپێکردنی جەنگ نەوت بە گەرووی هورمزدا دەگوازنەوە، هاوکات باسی لە دابەزینی نرخەکان و ئاگربەستێکی کورتخایەن لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا کرد.

سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە رێوڕەسمێکدا لە باخچەی کۆشکی سپی، سەرنجی خستە سەر دۆسیە سەربازی و دەرەکییەکان و لەبارەی ئێرانەوە گوتی: "ئەوان هیچ سوپایەکیان نییە، هیچ هێزێکی دەریایی و ئاسمانییان نییە و بەتەواوی لەناو براون، تەنیا توانایەکی کەمیان بۆ هەڵدانی مووشەک ماوە." سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکراشی کرد کە ئێستا بڕێکی زیاتر نەوت لە چاو پێش هەڵگیرسانی جەنگ بە گەرووی هورمزدا دەگوازنەوە

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەدا، سەرۆکی ئەمەریکا سوپاسی هەوڵەکانی تایبەت بە یارمەتیدانی منداڵانی بێسەرپەرشت و هاوکاریکردنی خەڵک لە رووسیا و ئۆکرانیا کرد، بەتایبەت لە رێگەی بەدەستهێنانی ئاشتی و ئاگربەستێکی کورتخایەن و گواستنەوەی سەدان کەس لەو ناوچە مەترسیدارانەی چیدی نامێننەوە.

لە بارەی دۆخی ئابووریی ناوخۆیی و بە ئامادەبوونی بروک رۆڵینز، وەزیری کشتوکاڵ و هاوارد لوتنیک، وەزیری بازرگانی، ترەمپ رایگەیاند، نرخەکان بە خێرایی دادەبەزن. ئاماژەی بەوە دا نرخی هێلکە بەراورد بە پێشتر چوار هێندە دابەزیوە و نرخی بەنزینیش لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و راستەوخۆ دوای هەڵبژاردن بە رێژەی 20% کەمی کردووە.

هەروەها جەختی کردەوە کە بەر لە هەڵبژاردن توانیویانە سامانێکی پێوانەیی بە بڕی 25 تریلیۆن دۆلار دروست بکەن، بەڵام بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە نزیکەی شەش تریلیۆن دۆلاریان لەدەست داوە. هاوکات سەرسوڕمانی خۆی لە ئەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردن نیشان دا و بەراوردی کرد بە سەرکەوتنەکەی خۆی لە ویلایەتی وێست ڤێرجینیا کە بە جیاوازیی 45 خاڵ بردبوویەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ لە رێوڕەسمی لێخۆشبوون لە دوو قەل بە ناوەکانی "فریدەم" و "فێزەرز"، بە گاڵتەوە باسی لە ناوەکانیان کرد و رایگەیاند کە بۆ ساڵی داهاتوو رێوڕەسمەکە لە ناو هۆڵە نوێیەکەی ئاهەنگگێڕاندا ساز دەکرێت کە لە تەنیشت کۆشکی سپی دروست دەکرێت.